داواکاری گشتیی پاوە رەتیدەکاتەوە ئاسۆ کەریمیی کۆڵبەر بە گوللـە کوژرابێت

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە هێزی پاسەوانیی سنووری ئێران لە ناوچەی نەوسو تەقەی لە 7 کۆڵبەر کرد. هەندێک سەریان بریندار بووە و هەندێکی دیکە دەست و قاچیان. بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لەو رووداوەدا کۆڵبەرێکیش گیانی لەدەستداوە. 
 
ئاسۆ کەریمیی 39 ساڵ کە خێزاندارە، رۆژی دووشەممە تەرمەکەی لەنێو یەکێک لە باخەکانی نۆدشەدا دۆزرایەوە. دەگوترێت دوای برینداربوونی، خۆی گەیاندووەتە نێو ئەو باخە، بەڵام لەبەر قووڵبوونی برینەکەی، خوێنێکی زۆری لێ رۆیشتووە و زۆر نەژیاوە.
 
نەوید سەحرایی، داواکاری گشتیی پاوە ئەمڕۆ رەتیکردەوە ئاسۆ کەریمی بە تەقە کوژرا بێت و گوتی، هیچ نیشانە و جێگەیەکی گولـلە بە تەرمەکەیەوە دیار نەبووە و دوای توێکاری، دەرکەوتووە شتێکی رەق بەر سەری کەوتووە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. بەگوتەی داواکاری پاوە، رەنگە ئاسۆ لە بەرزاییەوە کەوتبێتە خوارەوە یان کەسێک کوشتبێتی. سەحرایی دەڵێت: لەو شوێنەدا تەقە نەکراوە و لەو کات و شوێنەش هیچ پۆلیسێک نەبووە.
 
بەڵام پێشتر راگەیاندنە خۆجێییەکانی پاوە کە بە جۆرێک نزیکایەتییان لەگەڵ دامودەزگا حکومییەکاندا هەیە، ئاسۆ کەریمییان وەک کۆڵبەر لە قەڵەم دابوو، کە بەهۆی گولـلەوە کوژراوە.
 
لە ساڵی 2016ـەوە کە حکومەت دەروازە سنوورییە کۆڵبەرییەکانی داخست، سنووری نەوسوود قەرەباڵخ بووە، خەڵک لە شارە جیاوازەکانەوە بۆ کۆڵبەری روو لەو ناوچەیە دەکەن، بەڵام زۆر جاران تەقەیان لێدەکرێت. ئەم دۆخە دەنگی ناڕەزایەتیی نوێنەری جوانڕۆ و هەورامانیشی دەرهێناوە.
 
ئارەش لهۆنی، نوێنەری هەورامان و جوانڕۆ لە پەرلەمانی ئێران گوتی، "بەڕێز وەزیری ناوخۆ، کۆڵبەرەکان رێگەچارەیەکی دیکەیان نییە. دەبێت بژێویی ژیانیان دابین بێت، ناکرێ رێگری لە کۆڵبەری بکرێت، لەو ناوچەیەی من هەڵبژێراوم سی شار هەیە، سێ دەروازەی سنوورییان بۆ بکەنەوە، بۆ ئەوەی کۆڵبەرەکان لەوێ و هەر لەژێر چاودێریی ئێوەدا کۆڵبەری بکەن، بۆئەوەی رووداوی لەمجۆرە روو نەداتەوە."
 
کۆڵبەرەکان دەڵێن، لەبەر نەبوونی کار و دۆخی خراپی بژێویی ژیانیان ئەم کارە دەکەن، ئەوان لەپێناو بڕێک پارەدا کۆڵی بازرگانە گەورەکان ئاودیوی سنوور دەکەن، بەڵام ئەم دۆخە بۆ ئەوان بە نرخی گیانە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 11 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و 50 کۆڵبەریش بە هۆکاری جیاواز بریندار بوون. لەگەڵ هەموو مەترسییەکاندا کۆڵبەرەکان کۆڵیان نەداوە بۆ دابینکردنی بژێویی کەسوکار و منداڵیان.