ئەندامێکی حیزبوڵڵای لوبنانی و کچەکەی لەبەردەم ماڵی ئەبومەهدی موهەندیس لە تاران کوژران


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە میدیاییەکانی ئێران ئەمڕۆ شەممە ئاشکرایانکرد، ئەندامێكی حیزبوڵڵای لوبنان و کچەکەی لە شەقامی پاسدارانی باکووری تاران، بەدەستی چەکدارانی نەناسراو کوژراون.
 
لە سەرەتادا، هەواڵەکە لە درەنگانی دوێنێ شەو هەینی لە نێو ئەکاونتی رۆژنامەڤانەکانی تاراندا بڵاوبووەوە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران، هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە.
 
ئەوەی رۆژنامەڤانان و میدیاکان ئاشکرایانکردووە، کوژراوەکە ناوی حەبیب داودە، ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنانیە و کچەکەشی کە ناوی مریەمە، کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی تەقەی دوو کەسی دەمامکدار، کە ماتۆڕسکیلیان پێبووە و دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژنامەڤانەکان ئاشکرایانکردووە، حەبیب و مەریەم، لەبەردەم ماڵی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق کوژراون. موهەندیس لە 3-1-2020 لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکاوە، لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
 
ئاژانسی فارسی سەر بە سوپای پاسداران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، دانیشتووانی گەڕەکی بوستان کە دەکەوێتە سەر شەقامی پاسداران، هەواڵی کوژرانی باوک و کچەکەیان دووپاتکردووەتەوە.
 
ئەوانەی رووداوەکەیان بینیوە بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، باوک و کچە کوژراوەکە، لە کاژێر 09:00ی دوێنێ شەو لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیاندا بوون کاتێک دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە.