لە زاهیدانی ئێران ژمارەیەک چەکدار چوونە سەر بنکەی پۆلیس و کوژراو هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی ئەمڕۆ چەند کەسێکی چەکدار لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی؛ بەگوێرەی میدیای ئێران، دوو کەس خۆیان تەقاندووەتەوە و پۆلیسێک کوژراوە.
 
بەپێی هەواڵی ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، چەند کەسێکی چەکدار هەوڵیان داوە بنکەی 16ی پۆلیسی کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
 
میدیاکانی ئێران دەڵێن، هێرشکارەکان لە رێگەی "خۆتەقاندنەوەوە هەوڵیان داوە بچنە نێو بنکەکە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی دادوەریی ناوەندی سیستان و بەلوچستان بڵاویکردووەتەوە، لە شەڕی ئەم بەیانییەدا پۆلیسێک کوژراوە.
 
زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێرانە، لە ماوەی نزیکەی 9 مانگی رابردوودا زۆربەی رۆژانی هەینی خەڵک خۆپێشاندانی کردووە و ناڕەزایەتی بەرامبەر هەندێک لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئێران دەربڕیوە.