رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دارایی و کشتوکاڵی ئێران لەبارەی گرانبوونی نرخی خۆراکەوە بانگکرانە پەرلەمان. وەزیری دارایی ئێران رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ نانەواخانەکان رۆژانە بڕێکی دیاریکراو نان بە نرخی ئێستا بە خەڵک دەفرۆشن. ئەوانەی نانی زیاتریان بوێت، بە گرانتر پێیان دەدرێت.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، گرانبوونی نرخەکان بەهۆی ئەوەیە، حکومەت بڕیارە پەسندکراوەکانی پەرلەمانی جێبەجێ نەکردووە. هەروەها دەشڵێت، بڕیاری پێدانی دۆلار بە نرخی 4200 تمەن بۆ هاوردەکردن لە کابینەی پێشوو زیانێکی زۆر گەورەی بە ئابووریی ئێران گەیاند.
لە کۆبوونەوەکەدا زیاتر باسی نرخی نان کرا. دوای هەڵگرتنی هاوکاریی حکومەت لەسەر ئارد، نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی نان. وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند، رۆژانە بەشێوەی سنووردار نان بە نرخی ئێستا دەدرێتە خەڵک.
ئێحسان خاندوزی، وەزیری دارایی ئێران دەڵێت، "نرخی کڕینی نان بۆ بەکارهێنەرانی ئاسایی ناگۆڕدرێت و لەلایەکی دیکەوە، هیچ پاڵنەرێک نامێنێت بۆ بە قاچاخبردنی ماددەی سەرەتایی بۆ دەرەوەی وڵات."
جەواد ساداتی نەژاد، وەزیری کشتوکاڵی ئێران دەڵێت، "لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کابینەی سێزدەیەم تاوەکو ئەمڕۆ، نرخی جۆرە جیاوازەکانی خواردەمەنی پەیوەندیدار بە ئاسایشی خۆراک و دانەوێڵە لە ئاستی جیهاندا، لەنێوان 35 بۆ 80٪ بەرزبوونەتەوە."
بەرپرسانی حکومەت و ژمارەیەک پەرلەمانتار لەم کۆبوونەوەیەدا ئۆباڵی بەشی زۆری گرانی و کێشە ئابوورییەکانیان خستە ئەستۆی کابینەی حەسەن رووحانی، بەڵام چەند پەرلەمانتارێکیش هۆکارەکەیان بۆ "بێسەروبەریی" کابینەی ئیبراهیم رەئیسی گەڕاندەوە.
جەبار کوچەکی نەژاد، ئەندامی کۆمیسیۆنی پلاندانانی پەرلەمانی ئێران گوتی، لایەنی جیاواز لە حکومەتی ئەودا پشکیان هەیە و بەشێکیان هاوتەریب نین لەگەڵ سەرۆککۆمار. دەشڵێت، رەئیسی دەبێ ژمارەیەک وەزیر و پارێزگار بگۆڕێت و کەسانی شارەزایان لەجێگە دابنێت.
کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی گرانییەکان، بەبێ بڕیارێکی روون کۆتاییهات. هەموو گوتیان دەبێ رێگە لە گرانبوونی زیاتری نرخی خواردەمەنییەکان بگیرێت، بێ ئەوەی باسی چۆنێتیی رێگرتنەکە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ