رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەرپرسی فێرکاری فریاکەوتنی ئێران دەڵێت، لە یەک هەفتەدا 30 کەس بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ی نیسانی 2025، حەسەن نووری ساری، جێگری بەرپرسی فێرکاری فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند: "لە یەک هەفتەدا 30 کەس بەهۆی خواردنی قارچکی دەشت و دەرەوە ژەهراوی بوون".
حەسەن نووری ساری گوتی: "سکچوون، رشانەوە، سکئێشە، تا، زیادبوونی لێدانی دڵ و وشکبوونەوەی دەم، سەرئێشە، گێژبوونی سەر، تەڵخبینی، زەردبوونی چاو و تەنانەت کەمبوونەوەی ئاستی هۆشیاری لە نیشانەکانی ژەهراویبوونن بە قارچک".
نووری ساری دەشڵێت، هەر کەسێک نیشانەکانی ژەهراویبوونی بە قارچک هەبێت، پێویستە بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکات و گوتی: "ئەگەر ئەو کەسە لەکاتی خۆیدا چارەسەر وەرنەگرێت، زیان بەر گورچیلە و جگەری دەکەوێت و تەنانەت دەکرێت بمرێت."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، نزیکەی 100 جۆر قارچکی ژەهراوی هەن کە هەندێکیان لەنێوان 30 خولەک بۆ دوو کاژێر دوای خواردنیان و هەندێکی دیکەیان لە 6 بۆ 24 کاژێر دوای خواردنیان کاریگەرییان دەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ