رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتن ئامادەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەنگاونان بەرەو پێشەوە پێویستی بەوەیە "بژاردەی سەربازی" بەرامبەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێت. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ ئێران ئەنجامی نەبێت، بژاردەی سەربازی دێتە پێش.
رۆژی سێشەممە 8ی نیسانی 2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بابەتێکی لە میدیای ئەمریکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا دەڵێت، تاران و واشنتن لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک پەیام و نامەیان لەگەڵ یەکدی ئاڵوگۆڕ کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆکانی رۆژی شەممەی داهاتوو کە لە مەسقەتی عەمان بەڕێوەدەچن 'ناڕاستەوخۆن' و "ئێران ئامادەیە بە جیدی و بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن بەشداری بکات."
عێراقچی جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان لەگەڵ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆن، "دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ تاکتیک یان رەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکو بژاردەیەکی ستراتیژییە کە لە ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی خستەڕوو، بۆئەوەی لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەرەو پێشەوە بڕۆن، "دەبێت رێکبکەوین لەسەر ئەوەی هیچ بژاردەیەکی سەربازی بوونی نەبێت، نەوەک ئەوەی بگاتە چارەسەری سەربازی."
عەباس عێراقچی باسی لە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرد و گوتی، "ئامادەکارییە سەربازییەکان ئاماژەی پێچەوانە دەنێرن. ئەمە قسەی منە: ئێران دیپلۆماسیی پێ باشترە، بەڵام دەزانێت چۆن بەرگری لە خۆی بکات. ئێمە لە رابردوودا ملکەچی هەڕەشە نەبووین، ئێستا و لە داهاتووشدا ملکەچ نابین. بەدوای ئاشتییەوەین، بەڵام هەرگیز ملکەچی قبووڵ ناکەین."
وەزیرەکەی ئێران باسی لەوە کرد، "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە. ئەگەر بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیی راستەقینەیە، ئەوە پێشتر رێگەکەمان نیشان داوە؛ بەڵام ئەگەر بەدوای سەپاندنی ویستی خۆیدا بێت لە رێگەی گوشارەوە، دەبێت ئەوە بزانێت کە گەلی ئێران بە یەکگرتوویی وەڵامی تووندی زمانی هێز و هەڕەشە دەداتەوە."
هەر ئەمڕۆ، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن گوتی، "رێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دوو بژاردەی هەیە؛ رێککەوتن یان لە رێگەی سەربازییەوە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هەر رێککەوتنێکی قبووڵکراو، دەبێت هاوشێوەی رێککەوتنی ساڵی 2003ـی لیبیا بێت، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا کەرەستە و پێکهاتە سەرەکییەکانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتەیان لەنێوبرد یان بردیانە دەرەوە.
رۆژی دووشەممە، ترەمپ لە کۆشکی سپی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیدارەکەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستپێدەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی "راستەوخۆ" دەبن.
ترەمپ گوتی، هیواخوازە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە "مەترسییەکەی گەورە" دەکەوێتە سەر ئێران، ئەگەر دانوستاندنەکان سەرکەوتوو نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ