وەزیری دەرەوەی ئێران: بێگومان ئیسرائیل سزادەدرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
 وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانیدا بۆ سووریا و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە رایگەیاند، "بێگومان رژێمی ئیسرائیل سزا دەدرێت و وەڵامێکی پێویست و تووند وەردەگرێت."
 
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بە سەردانێک گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و فەیسەل میقداد، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە کۆبوونەوەی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، باسی بەئامانجگرتنی کۆنسوڵخانەی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە و پێشهات و لێکەوتەکانی کراوە، هەروەها گفتۆگۆ لەبارەی گرنگترین بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش کراوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها لە دیمەشق لەگەڵ فەیسەل میقداد، هاوتا سوورییەکەی کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان رایگەیاند، "کردەوەی تیرۆریستی رژێمی زایۆنی جارێکی دیکە سەلماندی، کە ئەو رژێمە پابەندی هیچ رێسا و یاسایەکی نێودەوڵەتی و هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی نییە و بێگومان رژێمی ئیسرائیل سزا دەدرێت و وەڵامێکی پێویست و تووند وەردەگرێت."
 
ئەمیرعەبدوڵڵاهیان گوتی، "ئاسایشی سووریا ئاسایشی ناوچەکەیە و ئەو هەوڵدانانە و ئەو تاوانکاریانە هیچ ئەنجامێکیان بۆ نەتەنیاهوو و رژێمەکەی نابێت. ئەو جۆرە رووداوانە ئیرادە و یەکگرتوویی ئێران و سووریا بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و راگرتنی رژێمی زایۆنی لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکەن."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە بەرپرسیارێتی حکومەتی ئەمریکا لەبەرامبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق کرد و رایگەیاند، لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بەرپرسانی ئەمریکایان لە بەرپرسیارێتییەکەی ئاگادار کردووەتەوە، هەروەها ئاگاداری هەموو وڵاتانی جیهانیان کردووەتەوە کە "رژێمی زایۆنی" هەموو هێڵە سوورەکانی تێپەڕاندووە و هەموو رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
 
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان جەختی لە کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بەئامانجگرتنی کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق کردەوە و گوتی، "سزادانی رژێمی دەستدرێژیکار و تاوانکاری ئیسرائیل حەتمییە."
 
سەردانەکەی ئەمیرعەبدوڵڵاهیان بۆ سووریا لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازیی لە سووریا بوون، کوژران.
 
فەیسەل میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریاش لەو کۆبوونەوەیەدا جەختی لە سزادانی ئیسرائیل کردەوە و رایگەیاند، "ئەو تاوانە تیرۆریستییەی ئیسرائیل کە هەموو تایبەتمەندییەکانی تاوانی شەڕ و پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەلەتییەکانی تێدایە، جارێکی دیکە خوێنی سووری و ئێرانییەکانی تێکەڵ کردەوە."
 
وەزیری دەرەوەی سووریا هەروەها گوتی، "هێرشی سەربازیی رژێمی زایۆنی لە دژی باڵیۆزخانەی ئێران و دامەزراوە و ژێرخانەکانی سووریا، جیا نییە لە رووداوەکانی غەززە و تاوانەکانی ئێسرائیل لە غەززە و لە بەردەوامیی تاوانەکانی رژێمی ئیسرائیل و کوشتاری فەلەستینییەکاندایە."
 
سەردانی ئەمیرعەبدوڵڵاهیان بۆ عومان
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژێک بەر لەو سەردانە، سەردانی عومانی کرد و لە مەسقەتی پایتەختی ئەو وڵاتە لەگەڵ سەید بەدرئەلبوسەعیدی، هاوتا عومانییەکەی کۆبووەوە. ئەمیرعەبدوڵڵاهیان هەروەها لە مەسقەت لەگەڵ محەممەد عەبدولسەلام، گوتەبێژی حکومەتی حوسییەکانی یەمەن و ئەندامی باڵای شاندی دانوستاندکاری حوسییەکان کۆبووەوە.
 
لەبارەی سەردانەکەی بۆ عومان و دیدار و کۆبوونەوەکانی، ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، "هەڵسەنگاندن بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە دووقووڵییەکانی نێوان ئێران و عومان و رێکەوتنەکانی نێوان سەرکردەکانی ئێران و عومان کرا. سەبارەت بە بەردەوامیی دەستپێشخەری سوڵتانی عومان بەمەبەستی نەهێشتنی سزاکان گفتۆگۆ کرا."
 
ئەمیرعەبدوڵڵاهیان هەروەها نووسیویەتی، "گفتۆگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، بەتایبەت بەردەوامیی تاوانەکانی شەڕی زایۆنییەکان دژی فەلەستینییەکان و پێویستیی بریاردانی کاریگەر کرا."
 
بەئامانجگرتنی کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج. دوای هێرشەکە، سوپای پاسداران، ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد.
 
بەرپرسانی ئێران و تەنانەت عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتباردەکەن و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە وەڵامیان دەبێت. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندین جار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بۆیە سوپای ئەو وڵاتە بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سووریا، چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.