پۆلیسی ئێران بۆ ژنان: پابەندی باڵاپۆشی نەبن یاساتان پێشێلکردووە و سزادەدرێن

09-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
.
.
نیشانەکردن ئێران باڵاپۆشی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کێشەکانی خەڵک لە ئێران یەک و دوو نین و بەو هۆیەوە رۆژانە خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەکرێن، بەڵام ئەوەی ئێستا زۆرترین دەنگۆ و ناڕەزایی لەسەر هەیە، پرسی باڵاپۆشیی ژنانە.
 
پەرستار و ستافی فریاکەوتنی شاری مەشهەد لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای خۆراسانی رەزەوی گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا، تاوەکو حکومەت مووچەی کاری زیادە و دەرماڵەی مەترسییان پێبدات. بەشێکیان مووچەی کاری زیادەی 9 مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی هەتاوییان وەرنەگرتووە. ئەوانەشی وەریان گرتووە دەڵێن، ئەو پارەی پێیان دراوە کەمترە لە مافی خۆیان. زانکۆی پزیشکی خۆراسانی رەزەوی رایگەیاندووە، هەڵەیەکی تەکنیکی روویداوە و چارەسەر دەکرێت، بەڵام پەرستاران ئەوە بە پاساوهێنانەوە لەقەڵەم دەدەن.
 
رۆژی هەینیش ژمارەیەک لە دانیشتووانی شاری گالیکێش لە پارێزگای گوڵستان خۆپیشاندانیان کرد. دانیشتووانی سوننەی شارەکە، دژی گوشاری سەر مامۆستایانی ئایینی ناڕازیی ئەو شارە، خۆپێشاندان دەکەن. ئەوان دەڵێن، ئەو مامۆستایانەی بە هۆی پشتیوانیکردن لە خەڵک کەوتوونەتە بەر رقی دەسەڵات، بە گیان دەپارێزن.
 
لە تارانیش لە دژی هەڵپەساردنی کاری ژمارەیەک فەرمانبەری کتێبخانەی نیشتمانیی ئێران بە هۆی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی گردبوونەوە رێکخرا. فەرمانبەرانی دیکە بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی و ئازادی-ئازادی داوا دەکەن، باڵاپۆشی ناچاری نەمێنێت.
 
باڵاپۆشی بۆ بەرپرسانی ئێران بووەتە کێشەیەکی گەورە. رۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران گوتی، گرتن و سزادان تێچووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی دەباتە سەرەوە، پۆلیسی ئێران رۆژی شەممە لە راگەیێندراوێکدا پابەندنەبوونی بە باڵاپۆشی و ناڕەزایی دەربڕین لەدژی، بە پێشێلکردنی یاسا لەقەڵەم دا و گوتی، لە چوارچێوەی پاراستنی بەهاکان و پارێزگاریکردن لە خێزانەکان، لە هیچ چەشنە هەڵسوکەوتێکی نایاسایی خۆش نابن. جاری یەکەم سەرپێچیکار ئاگادار دەکرێتەوە و ئەگەر دووبارەی بکاتەوە، رێوشوێنی یاسایی دەگرنە بەر.
 
چ رێگە چارەی پۆلیسی و چ کولتووری، جارێ بۆ پابەندکردنی ژنانی ئێران بە باڵاپۆشی ناچاری وەڵامدەر نەبووە. ئێرە پارکێکی تارانە. زۆربەی ژنانی نێو ئەم پارکە بە پێی رێوشوێنەکانی دەسەڵاتی ئێران پابەندی باڵاپۆشی نین و ئەو کەسەی رێنماییان دەکات، پابەندی باڵاپۆشی بن، بەو شێوەیە لە خۆیان دوور دەخەنەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە