چیرۆکی 'شێرە ژنی کورد' کە بە تەور ئەفسەرێکی رژێمی بەعسی عێراقی کوشتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرەنگیس حەیدەرپوور 40 ساڵە پێی دەڵێن، شێرە ژنی کورد، بەوە ناسراوە کە بە تەور ئەفسەرێکی رژێمی بەعسی عێراقی کوشتووە و سەربازێکیشی بە دیل گرتووە.
 
لە سەرەتای شەڕ، سوپای عێراق دەستی بەسەر هەندێک ناوچەی پارێزگای کرماشاندا گرت و گەیشتە گوندی گۆڕسفیدی سەر بە شاری گێیەڵان. بەشێک لە دانیشتووانی نێو شار و گوندەکان، ماڵەکانیان جێهێشت و چوونە بەرزاییەکانی دەورووبەری گوندەکەیان. شەوەکەی فەرەنگیس حەیدەرپوور لەگەڵ باوکی دەچێتەوە نێو گوندەکەیان تاوەکو خۆراک بێنن، لە گەڕانەوەدا تووشی دوو کەس لە هێزەکانی عێراق دەبن.
 
لە چەند شوێنی کرماشان، پەیکەری فەرەنگیس حەیدەرپوور دانراوە. لێرە لەنێو شاری گێیەڵان، لە گۆڕەپانێکی سەرەکی دانراوە. پەیکەری ژنی تەوربەدەست لە دەروازەی پارکی شیرینی نێو شاری کرماشانیش، ئەو رووداوە بەبیر هەموو ئەو کەسانە دەهێنێتەوە کە سەردانی پارکەکە دەکەن.
 
ئەو رووداوە بۆ فەرەنگیس حەیدەرپوور ناوبانگی هێنا، بەڵام هیچی لە دۆخی ژیانی نەگۆڕیوە. ئەو ئێستا لە گوند بە قەرز لە خانوویەکدایە کە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی 2017 بۆی دروستکراوەتەوە و بە قیست قەرزەکەی دەداتەوە.