دانیشتووانی جوانڕۆ و دیواندەرە بەبۆنەی دۆڕانی هەڵبژاردەی ئێران ئاهەنگیان گێڕا

08-02-2024
ئاهەنگگێڕانی هاونیشتمانییان لە جوانڕۆ
ئاهەنگگێڕانی هاونیشتمانییان لە جوانڕۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بە قەتەر دۆڕا، خەڵک لە شارەکانی جوانڕۆ و دیواندەرە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە سەر شەقامەکان و ئاهەنگیان گێڕا.
 
دوای ئەوەی یاریی نێوان دوو هەڵبژاردەی ئێران و قەتەر کۆتایی هات، شەوی رابردوو (7-2-2023) خەڵکێکی زۆر لە شاری جوانڕۆ لە پارێزگەی کرماشان رژانە سەر شەقامەکان و لە خۆشیی دۆڕانی هەڵبژاردەی ئێران، ئاهەنگیان گێڕا.
 
خەڵک لە شاری جوانڕۆ ئاڵای ئێرانیان لە شوێنە گشتییەکان هێنایە خوارەوە و سووتاندیان. خەڵکێکی زۆریش بە ئۆتۆمبێل هاتنە سەر شەقامەکان و بۆ درەبڕینی خۆشی خۆیان هۆڕنیان لێدەدا.
 
بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، لە شاری دیواندەرە، سەر بە پارێزگای سنەش، کۆمەڵێک خەڵک هاتوونەتە سەر شەقام و بۆ دەربڕینی خۆشیی بەبۆنەی دۆڕانی هەڵبژاردەی ئێران، هەڵدەپەڕن.
 
رۆژی 08-2-2024 هەڵبژاردەی قەتەر بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بەسەر هەڵبژاردەی ئێران سەرکەوت و، ئێران نەیتوانی بگاتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا.
 
دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی 2022 و 2023ـی 'ژن، ژیان، ئازادی' خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر پێشتگیریی لە هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە ناکەن. 
 
یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئێران لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، هەڵوێستێکی ئەوتۆیان بۆ پشتگیری لە خەڵکی ناڕازی نەبوو و ئەمەش رووبەڕووی رەخنەی زۆری کردنەوە.
 
جامی جیهانی ساڵی 2022 لە قەتەر هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا بەڕێوەدەچوو و هەڵبژاردەی ئێران دوای ئەوەی بە هەڵبژاردەی ئەمریکا دۆڕا و لە جامەکە کرایە دەرەوە، خەڵک لە زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رژانە سەر شەقامەکان و خۆشی خۆیان بۆ دۆڕانی هەڵبژاردەی ئێران دەربڕی.
 
ناڕەزایەتییەکانی ساڵی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، لەلایەن زۆر لە هونەرمەندان، وەرزشڤانان، نووسەران، پارێزەران، سینەماکاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەوە پشتیوانیی لێکرا، زۆر کەس چاوەڕوان بوون یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێش لە یارییەکانی جامی جیهانیی قەتەردا جۆرێک پشتیوانیی خۆیان بۆ ناڕازییان دەرببڕن.
 
یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئێران لە یەکەم یارییاندا لە جامی جیهانی، سروودی نیشتمانیی ئێرانیان نەگوتووە، بەڵام ئەمە چاوەڕوانیی خەڵکی بەدینەهێنا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە