نرخی پەتاتە لە ئێران لە شەش مانگدا بە رێژەی 75% بەرزبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیدی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کەس بە بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخەکان سەری ناسوڕمێت، هەر رۆژەو نرخی شتێک بەرزدەبێتەوە، دوایینیان پەتاتەیە. بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان لە شەش مانگی رابردوودا نرخی پەتاتە 75% بەرزبووەتەوە.
 
مەجید سەجادی، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرهەمهێنەرانی پەتاتە دەڵێت، "هەر کیلۆیەک پەتاتە لە کۆگاکاندا بە 7000 تمەنە، بەڵام بە 20 هەزار تمەن دەگاتە دەستی کڕیار".
 
بۆ گرانبوونی پەتاتە هەر کەسەو شتێک دەڵێت، لە رەوشی خراپی رێگەکاندا بەهۆی سەرما و بارینی بەفر و بارانەوە کە هاتووچۆی تووشی کێشە کردووە، تاوەکو دابەزینی بەرهەمی پەتاتە بەهۆی کەمیی بارینەکانی ساڵی پار و قۆرخکردنی لەلایەن جووتیارانەوە بۆئەوەی نرخی بەرزببێتەوە.
 
نەک تەنیا پەتاتە، حکومەت کۆنترۆڵی نرخەکانی بە گشتی لە دەست دەرچووە. فرۆشیارێک دەڵێت، برنج لە شەش مانگدا زیاتر لە 30 هەزار تمەن گرانتر بووە. پێشتر حکومەت بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان باسی لەوە دەکرد بە ئاستی خۆبژێویی دەگەن، بەڵام ئێستا بۆ کۆنترۆڵی نرخی برنج و پەتاتە دەیان هەزار تۆن هاوردە دەکەن، بۆ نموونە 100 هەزار تۆن پەتاتە لە پاکستانەوە هاوردە دەکرێت.
 
بەرزبوونەوەی نرخەکان بە پێچەوانەی ئەوەی حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی بەڵێنی دەدا، بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران لە رێژەی هەڵاوسان بۆ یەکەم مانگی زستان، زیاتر لە 42% بووە، واتە لەچاو یەکەم مانگی زستانی ساڵی رابردوودا شتومەک ئەوەندە گرانتر بووە.
 
پێشتر سەرۆککۆماری ئێران گوتبووی، لەڕێی چاپنەکردنی پارەی نوێوە هەوڵدەدەن رێگە لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بگرن، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی نوێی بانکی ناوەندیی ئێران رێژەی نەختینە لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 41% بەرزبووەتەوە. ئەمەش واتە دیسان بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و گرانبوونی زیاتری نرخەکان.
 
بە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان توانای کڕینی خەڵکیش کەمتر دەبێتەوە، بەو مانایەی خەڵک کەمتر توانای کڕینی تەنانەت برنج و پەتاتەشیان دەبێت، کە دوو بەرهەمی سەرەکیی سەر سفرەی ئێرانییەکانن.