سادق زیباکەلام: سوودانی دەیەوێت ئێران پێداگری لەسەر مانەوەی حەشدی شەعبی نەکات
رووداو دیجیتاڵ
شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت، سوودانی دەیەوێت ئێران بۆ هەبوونی حەشدی شەعبی وەکو هێزێکی چەکداری سەربەخۆ لە عێراق پێداگری نەکات؛ گوتیشی، ''ئێران هیوادارە نائارامی لە سووریا رووبدات و کێشە بۆ حکومەتی نوێ دروست ببێت''.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-01-2025، سادق زیباکەلام، شرۆڤەکاری سیاسیی ئێرانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران رایگەیاند: ''پەیامەکەی بۆ ئێران ئەوە بووە؛ ئەوان نایانەوێت وەکو رابردوو عێراق بکرێتە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەڵکو دەیانەوێت ئێران رێز لە یەکپارچەیی و سەقامگریی عێراق بگرێت.''
سەردانەکەی ئەمڕۆی محەممەد شیاع سوودانی بۆ تاران لەکاتێکدایە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، سوودانی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، عێراق ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و ئاوەدانکردنەوەی سووریا.
سادق زیباکەلام پێیوایە رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا، گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا و تاراندا هێناوە و گوتی: ''راستە ئەمڕۆ بەڕێز پزیشکیان گوتی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە باشترین دۆخ دایە، بەڵام ئەوە زیاتر پێداهەڵدانە و بۆ پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.''
بەگوتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران ''زۆر باش'' نین، ''بەتایبەتی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد پێدەچێت داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سووریا و تەنانەت عێراقیش زۆر لەگەڵ هەبوونی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا نەبن کە لە رابردوودا هەیبوو.''
سادق زیباکەلام دەڵێت: "هێزە شەرکەڕەکانی شیعەی عێراقیش هەستیان بەوە کردووە کە لەوانەیە ناچار بن بە پەیوەندییە زۆر نزیک و دۆستانەکەیان لەگەڵ تاراندا بچنەوە."
دوای هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، جیا لە کەرتی غەززە، شەڕێکی بەرفراوان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا، لوبنان و یەمەن دەستیپێکرد کە ناوە ناوە هێرشیان دەکردە سەر ئیسرائیل و سوپای ئەو وڵاتەش بە هێرشی مووشەکی و بۆردوومان وەڵامی دەدانەوە؛ بەڵام بەهۆی بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبییەوە کە چەندینجار بە درۆن و مووشەک بەشدار بوون لە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل، ئەگەری تێوەگلانی عێراقیش لە شەڕەکەدا هەیە.
سادق زیبا کەلام ئاماژە بە ئامانجێکی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئێران دەدات و دەڵێت: "سوودانی لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، دەیەوێت کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکار بێت و 'دەسەڵاتی خۆی لەنێو حەشدی شەعبی بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی تێیان بگەیێنێت کە دوای ئەو گۆرانکارییانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روویاندا، حەشدی شەعبی ناتوانێت وەکو رابردوو پشت بە ئێران ببەستێت.'' هەروەها دەڵێت: ''ئەوەی کە سوودانی دەیەوێت، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو رابردوو پێداگر نەبێت کە هێزێکی چەکداری سەربەخۆ لە حکومەتی عێراق، بەناوی حەشدی شەعبی هەبێت.''
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە لەبارەی ئەگەری قبووڵکردنی ئێران بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی گوتی: ''ناکرێت بە ئاسانی چەک بکرێن و هەڵبوەشێندرێنەوە، بەڵکو پێموایە دەبێت ئەم پڕۆسەیە هەنگاو بە هەنگاو رووبدات و هێزە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی، ئەوانەی کە پێداگرن لەسەر چەکداربوونیان، بچنە نێو سوپای نیشتمانیی عێراق و ئەوانەی دیکەیش چەک دابنێن و هەوڵ بدەن لە بواری سیاسییەوە لە عێراقدا چالاکی بکەن.''
بەرپرسانی باڵای ئێران، بەتایبەتی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە سوورن لەسەر ئەوەی کە دۆخی سووریا کە لە دەستی حکومەتی راگوزەر و دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)ـدایە، وەکو ئێستا نامێنێت و تێکدەچێت. سادق زیباکەلام لەبارەی چاوەڕوانیی ئێران لە پێشهاتەکانی سووریا گوتی: ''ئێران هیوادارە حکومەتی ئێستای سووریا، بەڕێز جۆلانی و هاوکارەکانی سەرکەوتوو نەبن، ئێران هیوادارە کێشە بۆ حکومەتی نوێی سووریا دروست بێت و نائارامی لە وڵاتەکە رووبدات. بەڵام بەڵگەکان دەرخەری ئەوەن، هەرچەندە سەختە، بەڵام بە خێراییەکی کەمەوە سووریا بەرەو سەقامگیری و داهاتوویەکی باشتر دەچێت.''
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێشبینی ناکات کە دووبارە سووریا بگەڕێتەوە دۆخی ''دیکتاتۆری''ـی پێشوو و دەشڵێت، ''دەبێت ئێرانیش لە داهاتوویەکی نزیکدا واقیعی گۆڕانی رژێم لە سووریا و خواستی زۆرینەی خەڵک لەو وڵاتە قبووڵ بکات و رێزی لێ بگرێت.''