تاران لە 290 رۆژدا تەنیا 5 رۆژ هەوای پاکی هەبووە


رووداو دیجیتاڵ

کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تاران رایگەیاند، لە 9 مانگ و 20 رۆژی رابردوودا هەوای شارەکە تەنیا پێنج رۆژ پاک بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تارانی پایتەختی ئێران بڵاویکردەوە، لە نەورۆزەوە تەنیا 5 رۆژ هەوای شارەکە پاک بووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تاران، لەو ماوەیەدا هەوای تاران بەهۆی بەرزبوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە 95 رۆژ بۆ خەڵکی وەک نەخۆش، منداڵان و بەساڵاچووان ناتەندروست بووە، 15 رۆژیش هەواکەی بۆ هەموو هاووڵاتییان ناتەندروست بووە و 179 رۆژیش هەواکەی پیس بووە، بەڵام زۆر نا.
 
کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تاران دەڵێت، بەراورد بە پار، پیسبوونی هەوا لە تاران زیادیکردووە، بەشێوەیەک کە پار لە هەمان ماوەی دیاریکراودا تاران 9 رۆژ هەوای پاکی هەبووە، 82 رۆژ هەوای شارەکە بۆ خەڵکی وەک نەخۆش و منداڵ و بەساڵاچوو ناتەندروست بووە، 11 رۆژیش بۆ هەموو هاووڵاتییان ناتەندروست بووە؛ لە 192 رۆژدا هەوای شارەکە پیس بووە، بەڵام زۆر نا.
 
کۆنترۆڵی جۆریی هەوای تاران دەڵێت، ئەمڕۆ چوارشەممە هەوای شارەکە پیسە و بۆ خەڵکی وەکو نەخۆش و منداڵ ناتەندروستە و هەر بەو هۆیەوە، بە بڕیاری کەمالەدین میرجەعفەریان، جێگری پارێزگاری تاران، ئەمڕۆ لە قوتابخانەکانی قۆناخی بنەڕەتی پشووە.
 
سووتاندنی مازۆت لە وێستگەکانی کارەبا و کارگەکان، ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێلەکان، کوالێتیی خراپی بەنزین و ئۆتۆمبێلەکان بە هۆکاری سەرەکیی زیاتر پیسبوونی هەوای ئێران دادەنرێن.
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەست دەدەن.