وەزیری دەرەوەی ئێران: دەبێت دەست بە گفتوگۆی سیاسی بکرێت لەنێوان حکومەتی سووریا و گرووپە رەواکانی ئۆپۆزیسیۆن

07-12-2024
A+ A-
روداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی ئێران، تورکیا و رووسیا سەبارەت بە دۆخی سووریا کۆبوونەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ''بە پێویستی دەزانین پێکدادانەکان بە زووترین کات کۆتاییان پێبێت و دەست بە گفتوگۆی سیاسی لە نێوان حکومەتی سووریا و گرووپە رەواکانی ئۆپۆزیسیۆن بکرێت.''
 
ئەمڕۆ شەممە 07-12-2024، وەزیرانی دەرەوەی ئێران، رووسیا و تورکیا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەوە و بە ئامادەبوونی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆخی ئێستای سووریایان تاوتوێ کرد.
 
دوای کۆبوونەوەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''دانیشتنێکی زۆر باشی ئەندامانی گرووپی ئەستانە بەڕێوەچوو، لە نێوەڕاستی کۆبوونەوەکەش بەڕێز پیتەرسن، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا بەشداریی کرد.''
 
عەباس عێراقچی گوتی، باسیان لە پرسی سووریا کردووە و، بە ''زۆر مەترسیدار''ـیشی وەسفکرد.
 
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدا کرا کە رۆژی 25ـی مانگی رابردوو؛ دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکرد و لە 27ـی مانگ حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد.
 
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، هەموو لایەنەکان لە کۆبوونەوەکەدا یەک بۆچوونیان هەبووە و ''بە پێویستی دەزانن پێکدادانەکان بە زووترین کات کۆتاییان پێ بێت. پێویستە رێز لە یەکپارچەیی و سەروەری حکومەتی سووریا بگیرێت و بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێتە بنەمای چارەسەری قەیرانی سووریا.'' 
 
گوتیشی، رووسیا، تورکیا و ئێران هاوڕا بوون کە ''دەبێت گفتوگۆی سیاسی لەنێوان حکومەتی سووریا و گرووپە رەواکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستپێبکرێت.''
 
وەک عێراقچی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ حکومەتی سووریا قسە بکات و رووسیاش جیا لە حکومەتی سووریا، لەگەڵ حکومەتەکانی دیکە سەبارەت بەو دۆخە قسە بکات.
 
پێشتر 16 گەڕی گفتوگۆکانی ئەستانە بەڕێوەچووبوون کە یەکەمیان لە ساڵی 2017ـە و دوایینیان تەممووزی ئەم ساڵ بوو. ئامانج لەم گفتوگۆیانە کۆتاییهێنانە بە شەڕی نێوخۆیی سووریا، کە لە ساڵی 2011ـوە دەستیپێکرد و دواتر ژمارەیەک هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتیش چوونەنێوییەوە. رووسیا، تورکیا و ئێران وەک گەرەنتیکار و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەکو چاودێر تێیاندا بەشدارە. لایەنی سەرەکیی گفتوگۆکانیش، حکومەتی سووریا و لایەنە دژبەرەکانی بوون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە