ئێران
وێنەیەکی ئەرشیفی عەلی لاریجانی، راویژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا.
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە دیمەشق ماونەتەوە و دوێنێ راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیمەشق لەگەڵی کۆبووەتەوە.
ئەمڕۆ (شەممە، 7-12-2024)، یەعقووب رەزازادە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دەنگۆی جێهێشتنی دیمەشق لەلایەن بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەیەوە، راست نییە. "دوێنێ عەلی لاریجانی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیمەشق لەگەڵی دا کۆبووەتەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی ئێران جەختی لەوە کردەوە باڵیۆزخانە و راوێژکارانیان لە دیمەشق ماونەتەوە، گوتیشی "هیوادارم هەوڵە دیپلۆماسییەکان و سەردانەکەی بەڕێز لاریجانی بۆ سووریا و سەردانەکەی وەزیری دەرەوە بۆ عێراق و قەتەر، ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت."
ئەمە لەکاتێکدایە؛ چەند میدیایەک باسی ئەوەیان کردووە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا وڵاتەکەی جێهێشتووە. لەبەرامبەردا ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە بەشار ئەسەد وڵاتی جێهێشتبێ یان بە سەردان چووبێتە هیچ وڵاتێک.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "بەشێکی میدیای بیانی، هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانەیان لەبارەی جێهێشتنی دیمەشق لەلایەن سەرۆک بەشار ئەسەدەوە بڵاوکردووەتەوە... ئەوانە هەواڵی ناڕاستن."
ئەم هەواڵە دوای ئەوە هات کە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لە پێشڕەوایدان بەرەو دیمەشقی پایتەخت و بەپێی زانیارییەکان، تەنیا چەند کیلۆمەترێکیان ماوە بگەنە ناوەندی شارەکە.
رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) لە تەلەگرامی خۆی پەیامێکی بۆ چەکدارەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دیمەشق چاوەڕێتانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ