سەرۆککۆماری ئێران باسی دووکاندارەکەی سنە دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران خەڵکی ناڕازیی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە "ئاژاوەگێڕ و دیکتاتۆر" ناودەبات و دەڵێت، هەموو کەس ئاگادارە "چییان لەو دووکاندارە کرد" کە لە سنە پارچەیەک شیرینی پێدا.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە، 7-12-2022، لە گوتارێکدا بەبۆنەی رۆژی خوێندکارەوە لە زانکۆی تاران گوتی: "لە کوردستان دووکاندارێک شیرینییەکی پێ دام، سەرنجتان دا چییان لێکرد؟ دیکتاتۆر کێیە؟ دیکتاتۆر ئەو کەسەیە کە هەڕەشە لە خەڵک دەکات و گەمارۆی دەخاتەسەر."
 
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، هەندێ کەس پێیان گوتووە "ئەمڕۆ مەچۆ بۆ زانکۆ یان لانیکەم مەچۆ بۆ زانکۆی تاران، بەڵام من گوتم، نامەوێ زانست و زانکۆ دوابخرێن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 1-12-2022، ئیبراهیم رەئیسی سەردانی سنەی کرد و لە بازاڕدا چووە لای دووکاندارێک بەناوی فەیزوڵڵا قادری. 
 
پێشوازیی گەرمی ئەو دووکاندارە لە سەرۆککۆماری ئێران وایکرد، زۆر کەس بڵێن ئەو هاونیشتمانییە سەر بە حکومەتە و پێشتر هاوئاهەنگی لەگەڵ کراوە. بەهۆی ئەوەی لە سۆشیاڵمیدیا زۆر قسەی لەسەر کرا، دووکاندارەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو رووداوە لەناکاو روویداوە و پێشتر پلانی بۆ دانەنراوە.
 
فەیزوڵڵا قادری هەروەها گوتی: "من وابەستەی هیچ ئۆرگانێکی دەوڵەت نیم و تائێستا هەزار تمەنی حکومەت نەهاتووەتە ماڵەکەم." گوتیشی، ناڕەحەتە لەوەی کە ئەو بابەتە زۆر قسەی لەسەر کراوە.
 
عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تارانیش بەبۆنەی رۆژی خوێندکارەوە لە زانکۆی پیشەسازیی شەریفی تاران گوتارێکی پێشکێش کرد، بەڵام ژمارەیەکی زۆر خوێندکار رەخنەیان لە مامەڵەی حکومەت گرت. 
 
زاکانی گوتی، دەبێت لە ئێراندا شۆڕش بۆ پێشخستنی وڵات بکرێت، بەڵام لەو کاتەدا خوێندکارێک گوتی: "دەمانەوێ شۆڕش بکەین، بەڵام ئێوە رێگە نادەن".
 
خوێندکارێکی دیکە گوتی: "هەموو دەزانین کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە تاڵیبان کردووە کە حکومەتێکی مرۆڤکوژ و دژە ژنە. ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان دەکات کە ئەویش دیکتاتۆرە".
 
بەشێک لە خوێندکارەکان قسەکەیان بەو خوێندکارە بڕی و ئەویش گوتی: "لێی گەڕێن قسە بکات. رەنگە کەسێک پێی خۆش بێت نوێنەری ئەمریکا، ئیسرائیل یان داعش بێت. لێی گەڕێن نوێنەری داعش قسەی خۆی بکات."
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا زانکۆکان لەو شوێنانە بوون زۆرترین ناڕەزایەتییان تێدا بووە.