بانکی ناوەندیی ئێران: لە شارەکان کرێی خانوو زیاتر 60% زیادی کردووە

07-11-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی ئێران دوای 10 مانگ ئامارەکانی تایبەت بە نرخی خانووبەرە و کرێی خانووی لەو وڵاتە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمساڵ بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، کرێی خانوو لە تاران بە رێژەی 54.7% و لە شارەکانی دیکەی ئێران بە رێژەی 60.8% زیادی کردووە.
 
بەپێی راپۆرتی نۆیی بانکی ناوەندیی ئێران، لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە نرخی خانووبەرە لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە تاوەکو سێ مانگی بەهاری ئەمساڵ، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە، بەڵام لە سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا تاڕادەیەک دابەزینی بەخۆوە بینیوە و دواتر لە سەرەتای پاییزەوە دووبارە نرخی خانووبەرە بەرزبووەتەوە.
 
بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا کەمتر لە 21 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە تاران کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە، کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو یەکانەی لە حەوت مانگی ساڵی رابردوودا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرابوو.
 
هەروەها لە مانگی یەکەمی پاییزی ئەمساڵ 3133 یەکەی نیشتەجێبوون لە شێوەی شوقەدا لە تاران فرۆشراون، کە بەراورد بە مانگی رابردوو 20% زیادیکردووە، کە تەنیا 2610 شوقە لەو مانگەدا فرۆشرابوون، بەڵام بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 42.2% کەمیکردووە، کە ئەو کات 5416 شوقە فرۆشرابوون.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە مانگی یەکەمی پاییزی ئەمساڵدا نرخی هەر مەترێکی خانووبەرە لە شاری تاران 76 ملیۆن و 600 هەزار تمەنە، کە بەراورد بە مانگی کۆتایی هاوینی ئەمساڵ بە رێژەی 1% زیادی کردووە.
 
بەپێی ئامارەکان، لە 26 مانگی رابردوودا، کە دەکاتە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، نرخی خانووبەرە لە تاران 145.6% و نرخی کرێی خانوو لەو شارە 151.5% زیادیان کردووە، هەروەها لە هەمان ماوەدا نرخی کرێی خانوو لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش 171.6% بەرزبووەتەوە.
 
بانکی ناوەندیی ئێران دەڵێت، ئەمساڵ بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، کرێی خانوو لە تاران 54.7% و لە شارەکانی دیکەی ئێران 60.8% زیادی کردووە.
 
عەلی بەهادوری جەهرومی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، زیادبوونی نرخی کرێی خانوو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە و دابەزینی رێژەی دروستکردنی خانوو لە سەردەمی حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتەیە.
 
عەلی بەهادوری جەهرومی گوتیشی، "کرێی هەر شتێک گرێدراوی نرخەکەیەتی. کاتێک خانوو گران دەبێت، کرێکەشی زیاد دەبێت. سەرەتای ساڵەکانی 90ی هەتاوی، ساڵانە 850 هەزار خانوومان دروست دەکرد، بەڵام ئێستا 350 هەزار یەکە دروست دەکرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە