جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: دەبێت پۆلیس تۆڵەی خوێنی شەهیدانمان بکاتەوە

07-11-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
عەبدولڕەزا میسری، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
عەبدولڕەزا میسری، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەشت هەفتەیە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامن. بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، لە ناڕەزایەتییەکاندا 318 خۆپێشاندەر کوژراون، سەدان کەس بریندار و هەزارانیش گیراون، بەڵام هەندێ لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیانوایە دەکرێت کاردانەوەی زیاتریان هەبێت. 
 
عەبدولڕەزا میسری، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "خەڵکی بەڕێزی ئێرانی ئیسلامی نیگەران؛ پێیان ناخۆشە لەوەی پۆلیس کەمتەرخەمە.. بۆ نموونە نەرمی دەنوێنێت. خەڵکی لە 13 خەزەڵوەردا چاوەڕوان بوون، تۆڵەی خوێنی شەهیدانی ستەملێکراو بکرێتەوە. دەبێت تۆڵەی خوێنی شەهیدان بکرێتەوە." 
 
نیشانەی زۆر هەن کە هێزە ئەمنییەکان توانای سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانیان نییە. درێژەکێشانی ناڕەزایەتییەکان و هاوکات بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییەکان لە چەند شوێنێکی شارێکدا، هێزە ئەمنییەکانی ماندووکردووە. بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان 46 کەس لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە. 
 
هاوکات 227 پەرلەمانتاریش لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادیی ئێران داوایان لێکردووە، ئەو خۆپێشاندەرانە لە سێدارە بدرێن کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. 
 
پەرلەمانی ئێران بۆ ترساندنی خۆپێشاندەران هەروەها داوای لە دەسەڵاتی داد کردووە رێکاریی گونجاو بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتەبەر کە خەڵکیان بۆ ناڕەزایەتی هانداوە. 
 
نزیکەی دوو هەفتەیە دادگاییکردنی گیراوانی ناڕەزایەتییەکان دەستیپێکردووە، ئەویش بە ناوی گیراوانی ئاژاوەگێڕییەکان؛ زۆر کەس پێیانوایە، بەم پێیە دەزگای داد بێ دادگاییکردن سزای بەسەر ئەوانەدا سەپاندووە.
 
ئەمڕۆ حەسەن حەسەن زادە، فەرماندەی سوپای محەممەد رەسولوڵڵای تارانی گەورە، هەڕەشەی کرد کە بە تووندی لەگەڵ خۆپێشاندەران مامەڵە دەکەن. پێشتر بەرپرسانی گەورەتر هەڕەشەی لەوە تووندتریشیان کردووە، بەڵام خۆپێشاندەران پاشەکشەیان نەکردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە