پڕۆژەیاسایەک لەبارەی خوێندنی وانەی زمانی دایک رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران کرا

رووداو دیجیتاڵ
 
پڕۆژەیاسایەک لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە خوێندنی زمان و ئەدەبی نەتەوەکانی نێو ئێران رادەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران کرا.
 
کارەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای خوێندنی زمان و ئەدەبی نەتەوەکانی نێو ئێران لە پەرلەمان تەواو بووە و پڕۆژەیاساکە رادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران کراوە.
 
روحوڵڵا موتەفەکر ئازاد، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پڕۆژەیاساکە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 15ی دەستووری ئێران پێشکەشکراوە و تێیدا داواکراوە لە قوتابخانە و زانکۆکان رێگە بدرێت زمان و ئەدەبی نەتەوەکانی نێو ئێران بخوێندرێت.
 
لە مادەی 15ی دەستووری ئێراندا هاتووە، "زمان و شێوازی نووسینی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە و دەبێ تەواوی بەڵگەنامە و دەقە فەرمییەکان و کتێبەکانی خوێندن بەو زمانە بنووسرێن، بەڵام کەڵکوەرگرتن لە زمانە ناوچەیی و ئیتنیکییەکان لە چاپەمەنی و میدیاکان و هەروەها خوێندنی زمان و ئەدەبیان لە قوتابخانەکاندا، لە پاڵ زمانی فارسی رێگەپێدراوە".
 
بەپێی یاسا نێوخۆییەکانی پەرلەمانی ئێران، هەر پڕۆژەیاسایەک دەبێ لانیکەم لەلایەن 15 پەرلەمانتارەوە ئامادە کرابێ یان پاڵپشتی لێکرابێت. هەر پڕۆژەیاسایەک لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران وەرگیرا، رادەستی لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان دەکرێت و دوای تاوتوێکردن و دەنگدان لە لیژنە تایبەتەکان دەبردرێتە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان و ئەگەر دەنگی هێنایەوە، رەوانەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور دەکرێت. ئەگەر ئەنجوومەنەکە پەسندی کرد، دەبێتە یاسا و پەرلەمان یاساکە دەداتە حکومەت تاوەکو جێبەجێی بکات.