پزیشکیان پێداگری دەکات لەسەر دەستنیشانکردنی عەبدولکەریم حوسێنزادە وەکو جێگری خۆی

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران داوا لە سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولکەریم حوسێنزادە، پەرلەمانتاری نەغەدە و شنۆ بخرێتەوە دەنگدانەوە و پێداگری دەکات لە دەستنیشانکردنی وەکو جێگری خۆی.
 
مەجید ئەنساری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی و پەرلەمان ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان پێداگری لەسەر دەستنیشانکردنی عەبدولکەریم حوسێنزادە وەکو جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ناوچە پەراوێزخراوەکان دەکات، لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان کردووە تاوەکو دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی بدرێتەوە و داواکارییەکە لە پەرلەمان پەسند بکرێت.
 
پەرلەمانی ئێران رۆژی 25-09-2024 داوای دەستلەکارکێشانەی عەبدولکەریم حوسێنزادەی رەتکردەوە.
 
مەسعود پزیشکیان لە 26-08-2024 حوسێنزادەی وەکو جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ناوچە پەراوێزخراوەکان دەستنیشان کرد، بەڵام بۆ دەستبەکاربوون دەبێت دەست لە پەرلەمانتاری بکێشێتەوە.
 
بەپێی یاسا نێوخۆییەکانی پەرلەمانی ئێران، هەر پەرلەمانتارێک دەست لەکار بکێشێتەوە، دەبێ داواکارییەکە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و ئەگەر پەسند کرا، دەتوانێ دەست لەکار بکێشێتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەی 25-9-2024دا لەکۆی 241 پەرلەمانتار کە ئامادەی دانیشتنەکە بوون، 129یان بە نەخێر دەنگیان بە دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولکەریم حوسێنزادە دا و بەشێک لەوانەی دژ بوون رایانگەیاند، سەرۆککۆماری ئێران بۆ دەستنیشانکردنی حوسێنزادە پرسی بە پەرلەمان نەکردووە و دژی ئەوەن پۆستەکانی کابینە بە پەرلەمانتاران پڕ بکرێنەوە.
 
جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی و پەرلەمان دەڵێت، بەو راوێژانەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کردوویانە، هیوادارن بە زوویی ئەو کێشەیە چارەسەر بێت. 
 
ئەگەر عەبدولکەریم حوسێنزادە دەست بەکار بێت، دەبێتە یەکەم کوردی سوننەی ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران.
 
عەبدولکەریم حوسێنزادە ساڵی 1980 لە نەغەدە لەدایکبووە، ئەندازیاری تەواو کردووە و لە 2012 تاوەکو 2020 بۆ ماوەی دوو خول پەرلەمانتاری بازنەی نەغەدە و شنۆ بوو، هەروەها ساڵی 2024یش بۆ جاری سێیەم وەکو پەرلەمانتاری ئەو بازنەیە دەنگی هێنایەوە.