ئێران ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل دەکات

07-10-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای تووندبوونی لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیل و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران، بەرپرسە باڵاکانی ئێران ئامادەکاری بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو دەکەن. وەزیری رێگەوبان و شارسازی سەردانی ناوەندی کۆنترۆڵی ئاسمانیی وڵاتەکەی کرد و وەزیری نەوتیش گەورەترین بەندەری هەناردەکردنی نەوتی بەسەرکردەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 6ی تشرینی یەکەم فەرزانە سادق، وەزیری رێگەوبان و شارسازی سەردانی ناوەندی کۆنترۆڵی ئاسمانیی وڵاتەکەی کرد.
 
دوای بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی ناوەندەکە، فەرزانە سادق بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران قسەی کرد و لەبارەی ئامادەکارییەکانی ناوەندەکە بۆ هەر جۆرە دۆخێکی لەناکاو زانیاریی پێدا.
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، وەزیری رێگەوبان و شارسازیی ئێران بە مەسعود پزیشکیان دەڵێت، "هاوکارەکانم بە کەمترین پێدوایستییەوە زۆرترین هەوڵ دەدەن و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن خەڵک نیگەران بن."
 
وەزیری نەوتی ئێرانیش سەردانی دوورگەی خارگی لە کەنداو کرد کە گەورەترین بەندەری نەوتیی ئێرانی تێدایە و زیاتر لە 90%ی نەوتی ئێران لە رێگەی ئەو بەندەرەوە هەناردە دەکرێت.
 
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، "فەرمانبەرانی پیشەسازیی نەوت لە دوورگەی خارگ بە هەموو هێزی خۆیان کار دەکەن و هەوڵ دەدەن وزەی وڵات دابین بکەن."
 
بە گوتەی موحسین پاکنەژاد، "ئەو فەرمانبەرانە بە بێ ئەوەی هیچ نیگەرانییەکیان هەبێ، بە ویست و ورەیەکی بەرز و بەهێزەوە لە کارکردن بەردەوامن."
 
هاوکات دوێنێ یەکشەممە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکان، سوپای پاسداران، سوپا، پۆلیس، وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ئیتلاعات، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆ، رێکخراوی وزەی ئەتۆم و ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران کۆبوویەوە.
 
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئامادەکاری هەر کام لەو لایەنانە بۆ ئەو دۆخەی ئێستا هەیە."
 
ئیبراهیم رەزایی گوتیشی، "هەر هەڕەشەیەک لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت، رووبەرووی دەبینەوە، کاردانەوەی خێرا و تووندمان دەبێت. هیچ سازشێک ناکەین و لە بەرزترین ئاستدا و بە تووندترین شێوە وەڵامی هەڕەشەکان دەدەینەوە."
 
هاوکات شەوی رابردوو سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران راگیران.
 
جەعفەر یازرلوو، گوتەبێژی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئێران ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە میدیاکانی راگەیاند، "بەهۆی ئەو سنووردارییەی لە کارکردن هاتووەتە ئاراوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان" بۆ چەند کاژێرێک رادەگیرێن. 
 
شەوی سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران هێرشێکی مووشەکی فراوانی کردە سەر ئێسرائیل. سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە 200 مووشەک هێرشەکەیان کردووە کە وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی سوپای پاسداران لە لوبنان.
 
دوای هێرشەکە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەیشی دەدات. ئەوەی هێرشمان بکاتە سەر، هێرشی دەکەینەوە سەر". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە