ئێران کۆچبەرانی ئەفغانستانی دەگەڕێنێتەوە وڵاتەکەیان

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی پۆلیسی تاران رایگەیاند، هەموو کۆچبەرانی نایاسایی دەبێ تاوەکو کۆتایی ئەمساڵی هەتاوی ئەو وڵاتە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
 
ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران ئەمڕۆ (چوارشەممە) رایگەیاند، پلانی دەرکردنی هەموو کۆچبەرە نایاساییەکان لەو وڵاتە پەسند کراوە و لە حەوت مانگی داهاتوودا پلانەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکەن.
 
پۆلیسی ئێران ماوەیەکە دەستی بە دەستبەسەرکردن و گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانستانی کردووە و بە گوتەی بەرپرسی کاروباری کۆچبەرانی ویلایەتی نیمروزی ئەفغانستان، رۆژانە 30 تاوەکو 40 منداڵی بێسەرپەرشتی ئەفغانستانی لە ئێرانەوە دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی نێوخۆی ئێران، دوو ملیۆن و 300 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە دەژین کە زۆربەیان خەڵکی ئەفغانستانن.
 
وەزارەتی نێوخۆی ئێران پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی بە کۆچبەرانی نایاسایی قەدەخە کردووە و، بەگوتەی چالاکڤانانی ئەفغانستانی، لە نەخۆشخانەکانە حکومییەکان چارەسەر ناکرێن و نانیشیان بە نرخی حکومی پێ نافرۆشرێت.