سوپای ئێران: کەشتییەکی جەنگیمان ئاو دزەی کردووتە ناوی و هاوسەنگیی خۆی لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

کەشتیی سەهەند، کە یەکێکە لە کەشتییە جەنگییە گرنگەکانی ئێران، لە بەندەر عەباس تووشی رووداوی دزەکردنی ئاو بووەتەوە و تیمەکانی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەن.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەو کەشتییە جەنگییە بۆ چاککردن و نۆژنکردنەوەی چەند بەشێکی رەوانەی بەندەر عەباس کرابوو، بەڵام تووشی ئەو رووداوە بووە. 
 
پەیوەندییە گشتییەکانی ناوچەی یەکەمی دەریایی بەندەر عەباس سەر بە سوپای ئێران دەڵێت، "کەشتیی جەنگیی سەهەند بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە رەوانەی یەکێک لە بەندەرەکانی پەیوەست بە پیشەسازییە دەریاییەکانی بەندەر عەباس کرابوو، بەڵام لە کاتی چاککردنەوەیدا تووشی رووداوی دزەکردنی ئاو بۆ نێو عەمبارەکانی دەبێت و هاوسەنگیی خۆی لەدەست دەدات."
 
لە راگەیێندراوەکەی سوپای ئێراندا ئاماژە بەوە کراوە "شوێنی رووداوەکە قووڵ نەبووە و تیمەکانمان خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکە و هاوسەنگکردنی کەشتییەکەن."
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، لە رووداوەکەدا چەند کەسێک بە سووکی بریندار بوون و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەلام ئاماژە بە ژمارەی برینداران نەکراوە.
 
کەشتیی جەنگیی سەهەند یەکێکە لەو کەشتییانەی کە لە نێوخۆی ئێران و لەلایەن پێشەسازیی بەرگریی ئەو وڵاتەوە دروستکراوە، لە ساڵی 2012 لە بەندەر عەباس دەست بە دروستکردنی کرا و ساڵی 2018 وەک کەشتییەکی جەنگیی سەربە هێزی دەریایی سوپای ئێران خرایە خزمەتەوە.
 
ئەو کەشتییە لە جۆری فریگەیتی سووکە، 94 مەتر درێژ و 11 مەتر پانە، خێراییەکەی 30 گڕێی دەریاییە واتە 56 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، توانای هەڵگرتنی 140 کەس و یەک هێلیکۆپتەری هەیە، هەروەها چەندین تۆپخانە و سیستمی مووشەکی و جەنگی ئەلیکترۆنی لەسەری جێگیرکراون.
 
لە شەش ساڵی رابردوودا ئەمە پێنجەمین کەشتیی جەنگیی ئێرانە کە تووشی رووداو بوونەتەوە.
 
ساڵی 2018 کەشتیی جەنگیی دەماوەند لە دەریای قەزوین لەگەڵ کەشتییەکی دیکەی جەنگیی ئەو وڵاتە تووشی پێکدادان بوو و ژێرئاوکەوت، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
ساڵی 2020 لە کاتی مانۆڕێکی سەربازی هێزە دەریاییەکانی ئێران لە دەریای عومان، کەشتیی جەنگیی کونارەک بە هەڵە لەلایەن کەشتییە جەنگییەکانی بەشدار لە مانۆڕەکە بە مووشەک کرایە ئامانج. لە رووداوەکەدا کەشتیی کونارەک ژێرئاوکەوت و 19 کوژراو و 15 برینداری لێکەوتەوە.
 
هەروەها ساڵی 2021 دوو کەشتیی جەنگیی خارک و تەلائییە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە  و کێشەی تەکنیکی و تێکچوونی هاوسەنگی، لە ئاوەکانی کەنداودا ژێرئاوکەوت.