سوپاسالاری ئێران بۆ پزیشکیان: ئامادەین هاوکاریی حکومەت بکەین


رووداو دیجیتاڵ 

سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە ئامادەن هاوکاریی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە و حکومەتی نوێ بکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران لە پەیامێکدا بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە، پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە 14ـەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا کرد و رایگەیاند، "بە هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، لاپەڕەیەکی نوێی جیهاد و بازدانی پیرۆز بەرەو لووتکە بەرزەکانی پێشکەوتن و بەدیهێنانی ئێرانێکی بەهێز کرایەوە."
 
محەممەد باقری ئاماژە بە سەرکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران کرد و دەڵێت، "بێگومان ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ ئاسۆی گەش و خوڵقاندنی شکۆ و شانازیی هەمیشەیی لە چەسپاندنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی نەتەوەیی، قووڵکردنەوەی یەکگرتنی پایەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاراستنی سەربەخۆیی و ئاسایشدا؛ سەرەڕای پلان و پیلانی خراپی دوژمنان، پێشکەوتنی وڵاتی خۆشەویستمان خێراتر لە رابردوو بەردەوام دەبێت."
 
دەشڵێت، "هاوشێوەی رابردوو، ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاوکاری و کارکردن لەگەڵ حکومەتی چواردەیەم رادەگەیێنین و هیوادارم بە بەهێزترکردنی بناخە و ژێرخانی بەرگریی هێزە چەکدارەکان، بازدانێکی گەورەی بەرەوپێشەوە بێت بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات، بەهێزکردنی ئاسایش و بەرگریکردن لە ئایدیا پیرۆزەکانی کۆماری ئیسلامی و خاکی پیرۆزمان."
 
14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئیران لە دوو گەڕدا بەڕێوەچوو. لە گەڕی یەکەمدا کە لە 28ـی حوزەیرانی 2024 بوو، هیچ کام لە چوار بەربژێرەکان، مەسعود پزیشکیان، سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف و مستەفا پوورمحەممەدی دەنگی پێویستییان بەدەستنەهێنا و هەڵبژاردنەکە لەنێوان مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازان و سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بەربژێری نەریتخوازان چووە گەڕی دووەم.
 
لە گەڕی دووەمیشدا کە لە 5ـی تەمموزی 2024 بەڕێوەچوو، زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوی ئێران بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد کە پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا و بووە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران، سەعید جەلیلیش بە 13 ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگ رکابەرییەکەی دۆڕاند.