موحتەشەمی پوور، یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبوڵڵای لوبنان بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

07-06-2021
فواد حەقیقی
نیشانەکردن ئێران حیزبوڵڵای لوبنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عەلی ئەکبەر موحتەشەمی پوور، کە بە دامەزرێنەری حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپەکانی دیکەی نزیک لە ئێران لە ناوچەکە لە قەڵەم دەدرێت، بەهۆی کۆرۆناوە ئەمڕۆ دووشەممە گیانی لەدەستدا.
 
عەلی ئەکبەر موحتەشەمی پوور، تەمەن 75 ساڵ، لە شاری نەجەفی عێراق دەژیا. دوای ئەوەی تووشی کۆرۆنا بوو گوازرایەوە کرماشان، لەوێشەوە بۆ تاران و لە نەخۆشخانەی خاتەم ئەنبیای سوپای پاسداراندا خەوێنرا.
 
موحتەشەمی پوور، بە کەسایەتییەکی ریفۆرمخواز دادەنرا، لە (1985-1989) کاتێک میرحوسێن موسەوی سەرۆکوەزیرانی ئێران بوو، ئەویش وەزیری ناوخۆ بوو، دوو خولیش پەرلەمانتار بوو.
 
موحتەشەمی پوور لە ساڵانی 1981-1985 باڵیۆزی ئێران بوو لە سووریا، ئەو لەم ماوەیەدا پلانی بۆ دامەزراندنی حیزبوڵڵای لوبنان و بزووتنەوەی ئەمەل داڕشت، هەر لەو ماوەیەدا هەوڵی بۆ دامەزراندنی گرووپی ئیسلامی دیکەش لە ناوچەدا دا، کە ئێران وەک گرووپەکانی بەرەی بەرگری دەیانناسێنێت.
 
موحتەشەمی پوور لەگەڵ حوسێن شێخولئیسلام، جێگری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئێران و حوسێن دێهقان، ئەحمەدی وەحیدی و فەرەیدوون وێردی نەژاد، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بناخەکانی حیزبوڵڵای لوبنانیان دانا.
 
سەرەتا مستەفا چەمران، یەکەم وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵی دامەزرانی حیزبوڵڵای لوبنانی دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواتر موحتەشەمی پوور ئەم کارەی جێبەجێکرد.
 
موحتەشەمی کە یەکەم باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە سووریا، بناخەکانی هاوپەیمانیی ئێران و سووریای دانا. 
 
موحتەشەمی، زستانی ساڵی 1983 لە تەقینەوەیەکدا لە سووریا بریندار بوو و دەستێکی پەڕی. ئێران، ئیسرائیل بەم تەقینەوەیە تۆمەتبار دەکات.
 
موحتەشەمی پوور کەسایەتییەکی ریفۆرمخواز بوو. ساڵی 2005 سەرۆکی ناوەندی بانگەشەی مەهدی کەڕووبی و ساڵی 2009ش سەرۆکی پارێزگاریکردن لە دەنگەکانی میر حوسێن موسەوی بوو. 
 
ئەو دوای رووداوەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2009 و سەرکەوتنی مەحموود ئەحمەدی‌نەژاد ئێرانی بەجێهێشت و رووی لە عێراق کرد، دەگوترێ ئەو بە تووڕەبوون ئێرانی بەجێهێشتووە.
 
موحتەشەمی پوور، ساڵی 1990 کە ئەندامی پەرلەمان بوو، لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە داوایانکرد لە شەڕی کوێتدا پشتگیری لە سەدام حوسێن بکەن و دژی ئەمریکا شەڕ بکەن.
 
موحتەشەمی پوور، شەڕ دژی ئەمریکای وەک "جیهادی پیرۆز" لە قەڵەمدا و شەڕی کوێتی وەک رووداوەکانی سەرەتای ئیسلام هێنایە ئەژمار.
 
موحتەشەمی کەسایەتییەکی نزیک لە خومەینی، دامەرزێنەری کۆماری ئیسلامی بوو، بەڵام بەهۆی بیروباوەڕە ریفۆرمخوازانەکانی و نزیکیی لە بەرەی ریفۆمخوازان، لەلایەن سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێستای ئێرانەوە، پەراوێزخرا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران

جێگری فەرماندەی پاسداران: فەرمانی رێبەر بۆ تۆڵەسەندنەوەی هەنییە لە ئیسرائیل روونە

جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران "روونە،" کە دەبێت لە بەرامبەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، "سزایەکی قورس"ی ئیسرائیل بدەن