رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد رایگەیاند، بۆ دووەمجار تانەی ئەو بەندکراوە لە بڕیاری دادگە و ناردنی دۆسیەکەی بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوە بۆ دووبارە دادگەییکردنەوەی، لە لایەن دیوانی باڵای دادوەریی ئێرانەوە رەتکرایەوە.
مازیار تاتایی، پارێزەری پەخشان عەزیزی لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە: "دیوانی باڵای دادوەریی ئێران، دووەمین داوای پارێزەرانی پەخشان عەزیزی بۆ دووبارە دادگەییکردنەوەی رەتکردەوە، بە بێ ئەوەی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات بەرگرییەکانی پارێزەرانی بە بێبەڵگە هەژمارکردووە."
تاتایی دەڵێت: "بڕیارێکی لەو جۆرە لەلایەن لقی دادگەی پەیوەندیدارەوە بە شێوەیەکی لۆژیکی پێویستی بە تاوتوێکردنی بەڵگەنامە رەسەنەکانی کەیسەکانە، هەنگاوێک کە بەداخەوە نەنراوە."
دیوانی باڵای دادوەریی ئێران رۆژی 08-01-2025 سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسند کرد و ئێستا لە زیندانە.
پەخشان عەزیزی لەدایکبووی ساڵی 1984ـە و خەڵکی مهابادە. رۆژی 4ـی ئابی 2023 لەکاتێکدا لەگەڵ خێزانەکەی لە تاران بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر کرا و لە دادگەی شۆڕشی تاران بەتۆمەتی چالاکیی چەکداری دژی دەسەڵاتی ئێران دادگەیی کرا و بە لەسێدارەدان سزا درا.
دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش، عەزیزی سەردانی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی کردبوو و لە کەمپی پەنابەراندا وەک یاریدەدەری کۆمەڵایەتی هاوکاریی ژن و منداڵانی دەکرد.
شەش ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 15-01-2025 لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، پەخشان عەزیزی لە عێراق و سووریا هاوکاریی ئاوارەکانی شەڕی کردووە و تۆمەتبارکردنی بە چالاکیی چەکداری، بێبنەمایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ