ئاگر لە پاڵاوگەیەکی ئێران کەوتەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە پاڵاوگەی نەوتی بەندەرعەباس لە باشووری ئێران کەوتەوە و و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن.
میدیای ئێران بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ی ئاداری 2024، لە پاڵاوگەی نەوتی ئافتابی بەندەرعەباس لە پارێزگای هورموزگان، کە دەکەوێتە باشووری ئێران، کوورەیەکی پاڵاوگەکە تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ئاگر لە بەشێکی پاڵاوگەکە بەربووە.
بابایی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی پاڵاوگەی نەوتی ئافتابی بەندەرعەباس لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 11:30ی ئەمڕۆ بە کاتی ئێران (11:00 بە کاتی هەولێر) روویداوە و بە هۆی کێشەی تەکنیکی لە یەکێک لە کوورەکانی پاڵاوگەکە بووە.
حەبیب بەهادوری، قایمقامی بەندەرعەباس-یش رایگەیاند، لە رووداوەکەدا "کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن کە دۆخی تەندروستیی یەکێکیان زۆر خراپە."
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە کەسێکی تەمەن 38 ساڵانە و لە کاتی لەحیمکردنی تانکییەکی پاڵاوگەکەدا بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکە گیانی لەدەستداوە.
پاڵاوگەی نەوتی ئافتابی بەندەرعەباس لە ساڵی 1998 لەسەر رووبەری 700 هێکتار زەوی کرایەوە و توانای پاڵاوتنی 350 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە، کە دەکاتە نزیکەی 18٪ی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران.
هەروەها لەو پاڵاوگەیە رۆژانە زیاتر لە 12 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێندرێت.