بەشێک لە مامۆستایان و قوتابییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دژی ژەهراویبوونی قوتابییان ناڕەزایی دەردەبڕن

07-03-2023
فواد حەقیقی
گردبوونەوەی قوتابییان و مامۆستایانی سنە
گردبوونەوەی قوتابییان و مامۆستایانی سنە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک مامۆستا و کەسوکاری قوتابییان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەردەم پەروەردەی شاری سنە کۆبوونەوە. ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنی ژەهراویکردنی قوتابییان، بەتایبەت قوتابییانی کچ. 
 
لە هەندێک لە شارەکانی دیکەش ناڕەزایەتی دروستبوو لەوانە شاری کەرەج. خۆپێشاندەران بەیەکەوە دروشمیان دا و دەڵێن: " خوێندن لە پۆل مافی ئێمەیە. ئەی هاوار لەم هەموو نادادپەروەرییە، ئەی ئەو کەسانەی دانیشتوون، ئێوە کەسی دواترن کە ژەهراوی دەبن."
 
بەگوتەی محەممەد حەسەن ئاسفەریی پەرلەمانتار، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا زیاتر لە پێنج هەزار قوتابیی کچ و کوڕ لە 25 پارێزگا و لە 230 قوتابخانەدا، ژەهراوی کراون.
 
یوسف نووری، وەزیری پەروەردەی ئێران گوتی: "95٪ـی ئەو قوتابییانە بە داواکاریی خۆیان براونەتە نەخۆشخانە و کەوتبوونە ژێر کاریگەریی دۆخەکە یان نەخۆشیی دیکەیان هەبووە." نووری، ژەهراویکردنی قوتابییانی بە پیلانی دوژمن لە قەڵەمدا کە دەیانەوێ قوتابخانەکان دابخرێن.
 
مامۆستایەک لە نوورئابادەوە گوتی، "لە پەیوەندیی لەگە قوتابییەکاندا بابەتەکە بەلاڕێدا دەبەن و هیچ بەرپرسایەتییەک لە ئەستۆ نەگرن، گەرچی زانیاریی بەهێزیان هەیە، بەڵام هیچ کارێکیان نەکردووە. لە قوتابخانە کچانەکاندا خۆتان دەزانن بۆچی کیمیایی و ژەهراوی کراون. راپەڕینی سەرتاسەری لە مانگی 9 ساڵی پارەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک بە خەڵک نەدراوەتەوە."
 
لە کاردانەوەی ئەوەدا ژمارەیەک کەس دەسگیر کراون، بە تۆمەتی ئەوەی زانیارییان لەسەر ژەهراویبوونەکان بڵاوکردووەتەوە. عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی تاران رایگەیاند: دوو لقی دادگەیان کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە دادگایی بکەن، کە درۆ و دەنگۆ لەسەر ژەهراویبوونی قوتابییان بڵاودەکەنەوە.
 
عەلی ساڵحی گوتی، بۆ سادق زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ، ئازەر مەنسووری، چالاکڤانی سیاسی و رەزا کیانیان، ئەکتەری سینەما و بەڕێوەبەران و بەرپرسانی سێ ماڵپەڕ و رۆژنامە دۆسیەی دادوەرییان کردووەتەوە، کە بەگوتەی داواکاری گشتی، "دەنگۆ و شتی درۆیان" بڵاوکردووەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممەش عەلی پوورتەباتەبایی، رۆژنامەنووسی خەڵکی قوم، لەبەر هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر ژەهراویکردنی قوتابییەکاندا، دەستگیر کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە