رێبەری ئێران لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزا بۆ زیاتر لە 2,800 زیندانی دەردەکات

07-02-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو هەزار و 827 زیندانی بەر لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزا کەوتن و سزای لەسێدارەدانی 53 کەسیش هەڵوەشێندرایەوە.
 
ناوەندی راگەیاندنی نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی چوارشەممە، 7ی شوباتی 2024، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی بڕیاری لێبووردنی گشتی بۆ دوو هەزار و 827 زیندانی دەرکردووە. 
 
هاوکات ئاژانسی میزان کە میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێرانە، بڵاویکردەوە، پێشتر غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە نامەیەکدا داوای لە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو، رەزامەندی لەسەر کەمکردنەوە، گۆڕینی سزا و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی بدات و عەلی خامنەییش بە داواکارییەکە رازی ببوو.
 
سادق رەحیمی، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێرانیش ئەمڕۆ رایگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵێنەوە لە دۆسیەی سەتان کەس کرا و دوو هەزار و 827 کەسیان گونجاو بوون بۆ ئەوەی بەر لێبووردنی گشتی بکەون؛ بۆیە لیستی ناوەکان بۆ رێبەر نێردرا و ئەویش رەزامەندی دەربڕی.
 
سادق رەحیمی ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بڕیارەکە، 996 کەس لە زیندان ئازاد دەکرێن و دۆسیەکانیان دادەخرێت؛ هەزار و 831 کەسی دیکەش سزاکانیان کەم دەکرێتەوە.
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران، لە چوارچێوەی ئەم لێبووردنە گشتییەدا، سزای لەسێدارەدانی 53 کەس هەڵدەوەشێتەوە و سزاکەیان دەگۆڕدرێت بە زیندانیکردن.
 
ئەو بەرپرسەی دەسەڵاتی دادی ئێران گوتی، 35 کەس لەوانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە خەڵکی وڵاتانی دیکەن؛ 196 کەسیشیان ژنن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە