لە ئێران 360 جۆری دەرمان بە ئەستەم دەستدەکەون و هۆشداری دەدرێت بگاتە 900 جۆر

دوێنێ کاژێر 08:45
سینا سۆما
چەند دەرمانخانەیەک لە شەقامێکی ئێران
چەند دەرمانخانەیەک لە شەقامێکی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی لیژنەی کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی ئێران بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و تیمی ئابووریی حکومەت بەڕێوەچوو، کێشەی گرانبوون و کەمیی دەرمانیان لە وڵاتەکە تاوتوێ کرد.
 
محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، "نرخی دەرمان بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی لە نرخی دۆلار و دراوە بیانییەکاندا روودەدات، دەگۆڕێت. بەڵام حکومەت هەوڵ دەدات هاوکاریی خەڵک بکات و ئەو جیاوازیی نرخەی کە روودەدات، دەداتە بیمەکان بۆئەوەی پارەکە لە گیرفانی خەڵک نەڕوات."
 
حکومەت بڕیاری داوە، نرخی دۆلار بۆ دابینکردنی دەرمان لە 28 هەزار و 500 تمەنەوە بۆ 38 هەزار و 500 تمەن بەرز بکاتەوە، ئەمەش گرانبوونی نرخی دەرمانەکان و کەمیی هەندێک جۆری دەرمانی لێکەوتووەتەوە.
 
هومایون نەجەف ئابادی، سەرۆکی کۆمیتەی دەرمانی سەر بە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئێستا کەمیی 360 جۆری دەرمان لەو وڵاتە هەیە. دەشڵێت، سەڕەرای بڕیاری سەرۆککۆمار بۆ خەرجکردنی 50 تریلیۆن تمەن بۆ دابینکردنی دەرمان، بەڵام بانکی ناوەندی پارەکەی خەرج نەکردووە.
 
سەلمان ئیسحاقی، گوتەبێژی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ژمارەی ئەو دەرمانانەی بە ئەستەم دەستدەکەون، دەگاتە 900 جۆر.
 
مەهدی پیرساڵحی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران و سەرۆکی رێکخراوی خۆراک و دەرمان دەڵێت، "بۆئەوەی خەڵک دەرمانی دەستبکەوێت، باشترین رێگە ئەوەیە دەرمانی زیاتر لە ناوخۆی وڵات بەرهەم بهێنین، چۆنکە ئەگەر بەرهەمهێنانمان نەبێت یان پشتگیری لە بەرهەمهێنانی ناوخۆ نەکەین، بەو بودجەیە ناتوانین دەرمان و ئامێرە پزیشکییەکانمان لە دەرەوە دابین بکەین."
 
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کاری لە پێشینەیان ئەوەیە دەرمان بە نرخێکی دادپەروەرانە بگاتە دەستی خەڵک، "بەڵام ئەو نیگەرانییەی کە بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر گیرفانی خەڵک، نیگەرانییەکی جیدییە و پێویستە لە رێگەی بیمەکانەوە چارەسەری بکەین."
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئێران لە ساڵی 2023دا بایی 2.3 ملیار دۆلار دەرمانی هاوردە کردووە. وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە دەڵێت، بەشێکی پێداویستییەکان و 40%ی کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لە رێگەی هاوردەوە دابین دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان تاران - وان لە هاوینی ساڵی 2020دا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە راگیرا

کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئێران: هاتووچۆی نێوان تاران - وان بە شەمەندەفەر دەستپێدەکاتەوە

بەگوێرەی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئێران، مانگی داهاتوو هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە و شاری وان لە باکووری کوردستان دەستپێدەکاتەوە