رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پار ئێران 901 کەسی لەسێدارە داوە. دەشڵێت، تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکی مانگی رابردوو، نزیکەی 40 کەسی لەسێدارە دراوە.
رۆژی سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، "زۆر جێگەی نیگەرانییە کە دووبارە دەبینین ژمارەی ئەو کەسانەی ساڵانە لە ئێران لەسێدارە دەدرێن لە زیادبووندایە."
لەسێدارەدانی ئەو ژمارە کەسە لە ئێران لەکاتێکدایە، پار لانیکەم 853 کەسی لەسێدارە داوە.
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری بە ئێران دەدات و دەڵێت، "ئێستا کاتی ئەوەیە ئێران ئەو ژمارە زۆرەی لەسێدارەکان رابگرێت."
بەگوێرەی یاسای ئێران، سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا جێبەجێ دەکرێت کە تاوانە گەورەکانی وەکو کوشتن، بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و دەستدرێژیی سێکسییان کردووە.
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە پار ئێران لەسێدارەی داون، بەهۆی تاوانی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر بووە. هەروەها دەشڵێت، "خەڵک و ناڕازییانی پەیوەست بە خۆپێشاندانەکانی 2022ـش لەسێدارە دراون."
ناڕەزایەتییەکانی رۆژی 17-09-2022، دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە گرتووخانەی پۆلیسی رەوشتی تاراندا دەستیپێکرد و بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، نزیکەی 520 کەس کوژراون.
تەندروستیی جیهانی دەڵێت، لەو ژمارە کەسەی کە پار ئێران لەسێدارەی داون، 31یان ژن بوون.
رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لەنێویاندا رێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ رایدەگەیێنێت، ئێران جگە لە چین، زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان سزای لەسێدارەکان جێبەجێ دەکات.
تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی روون نییە لەسەر ئەوەی چین ساڵانە سزای لەسێدارەدان بەسەر چەند کەس جێبەجێ دەکات.
هەرچەندە ئێران خۆی ژمارەی ئەو کەسانەی بڵاوناکاتەوە کە لە سێدارەیان دەدات، بەڵام نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زانیارییەکانیان لە چەندین رێکخراوی باوەڕپێکراو وەرگرتووە کە چاودێریی دۆخی ئێران دەکەن.
زۆرترین کەس کە ئێران لە ساڵێکدا لەسێدارەی دابن لە ساڵی 2015بوو، لەو ساڵەدا 972 کەس لەو وڵاتە لەسێدارە دران. نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات سزای لەسێدارەدان رابگرن و یاساکەی هەڵبوەشێننەوە.
نزیکەی 170 وڵات لە جیهان یان یاسای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندووەتەوە یانیش هەڵیانپەساردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ