لە میراوا ئاگر لە پەلەوەرخانەیەک کەوتەوە و هەشت هەزار مریشک لەنێوچوون

06-12-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە پەلەوەرخانەیەکی میراوای سەر بە پارێزگای ورمێ کەوتەوە، قایمقامی شارەکە دەڵێت، بەهۆیەوە هەشت هەزار مریشک لەنێوچوون.
 
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، 05-12-2024، حوسێن خزری، قایمقامی میراوای سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە پەلەوەرخانەکانی شارەکە، بووەتە هۆی لەنێوچوونی هەشت هەزار مریشک.
 
پەلەوەرخانەکە دەکەوێتە گوندی ئەشخەڵی سەر بە شاری میراوا. بەگوتەی حوسێن خزری، پەلەوەرخانەکە 10 هەزار مریشکی تێدا بووە و بەهۆی رووداوەکەوە، زیاتر لە دوو ملیار تمەن (نزیکەی 30 هەزار دۆلار) زیانی بەرکەوتووە.
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە قایمقامی میراوا دەڵێت، ''لێکۆڵینەوەی ورد دەکرێت، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە هۆکارەکەی شۆرتی کارەبا بووە.''
 
ئەشخەڵ، گوندێکی سەر بە میراوای پارێزگای ورمێیە و بە دووریی 13 کیلۆمەتر، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارەکە.
 
870 پەلەوەرخانە لە ورمێ هەن. بەگوتەی خەسرۆ شەهبازی، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگاکە، بۆ دابینکردنی گۆشتی مریشک، ورمێ پلەی یەکەمی لە ئاستی ئێراندا هەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە