سەرۆککۆماری ئێران: لە هێرشە مووشەکییەکەدا تەنیا پێگە سەربازییەکانمان کردنە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، لە هێرشە مووشەکییەکەی 1ـی تشرینی یەکەمدا بۆ سەر ئیسرائیل، تەنیا پێگە سەربازییەکان کرانە ئامانج.
 
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دیک شوف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
 
نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، پزیشکیان و شوف لەو پەیوندییە تەلەفۆنییەدا باسی پێشخستنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوانیان، دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەت هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە و لوبنان کردووە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، پزیشکیان باسی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماسی لە تاران کردووە و بە سەرکوەزیرانی هۆڵەندای گوتووە، "بە درووشمی ئاشتەوایی لە نێوخۆ و دۆستایەتی لەگەڵ جیهان لە لایەن خەڵکەوە وەک سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژێردرام، بەڵام هەر لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونمدا رژێمی زایۆنی بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی لە غەززە و بڵاوکردنەوەی گرژی و ململانێ لە ناوچەکەدا، میوانەکەمانی لە تاران تیرۆر کرد. وڵاتانی رۆژئاواییش بەتایبەت ئەمریکا لەبری سەرکۆنەکردنی تاوان و کردەوە تیرۆریستییەکانی زایۆنییەکان، داوامان لێدەکەن دان بەخۆماندا بگرین". 
 
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیوای ئەوەی هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بگەنە ئەنجام، چاوپۆشی لە وەڵامدانەوەی خێرا و پێشێلکردنی سەروەریی نیشتیمانیی خۆی کرد و دەڵێت، "لە هێرشە مووشەکییەکەی 1ـی تشرینی یەکەمدا بۆ سەر قەوارەی زایۆنی، تەنیا پێگە سەربازییەکان کرانە ئامانج".
 
مەسعود پزیشکیان گوتی، "هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر رژێمی زایۆنی، رێک بە مەبەستی سنووردارکردنی دڕندەیی ئەو رژێمە، رێگەگرتن لە هەوڵەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی تاوان و هێرشەکانی لە ناوچەکە و راگەیاندنی ئاگربەست، ئاشتی و ئارامی و لەسەر بنەمای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەپابەندبوون بە چوارچێوەی یاساییە نێودەوڵەتییەکان و تەنیا بۆسەر ئامانجە سەربازییەکان کرا".
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆککۆماریی ئێران، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا رایگەیاندووە، پێیان وایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرگەی کێشە و ئاڵۆزیی زیاتر ناگرێت، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن رێگری لە زیاتربوونی ئاڵۆزییەکان بکەن.
 
دیک شوف هەروەها بە پزیشکیانی گوتووە، "هۆڵەندا داوای لە ئیسرائیل کردووە بە زووترین کات رازی بێت بە ئاگربەست لە غەززە و پشتیوانیمان لە پێشنیازی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنانیش کردووە". 
 
1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران هێرشێکی مووشەکی فراوانی کردە سەر ئیسرائیل. سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە 200 مووشەک هێرشیان کردووە و هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی سوپای پاسداران لە لوبنان.