پەیامنێرانی بێسنوور: لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا 28 رۆژنامەڤان دەستبەسەر کراون
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە راگەیێندراوێکدا باس لە دەستبەسەرکردنی پێنج رۆژنامەڤانی ئێرانی لە رۆژی سێشەممەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەکات. رێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانانیش دەڵێت، لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا 35 رۆژنامەڤان دەستبەسەر کراون؛ پەیامنێرانی بێسنووریش دەڵێت 28 رۆژنامەڤان تاوەکو ئێستا دەستگیر کراون.
بەپێی راگەیێندراوێک کە رێکخراوی RSF، ناسراو بە رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، لەبارەی دۆخی رۆژنامەڤانانی ئێران لە رۆژانی خۆپێشاندانەکاندا بڵاویکردووەتەوە؛ رۆژی سێشەممە پێنج رۆژنامەڤان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و ژمارەی رۆژنامەڤانانی دەستبەسەرکراو لە ماوەی 20 رۆژی خۆپێشاندانەکاندا گەیشتووەتە 28 کەس.
رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێگە بە حکومەتی ئێران نەدەن مافەکانی ئازادیی رادەربڕین پێشێل بکات و گوشار بخرێتە سەری بۆ ئازادکردنی رۆژنامەڤانان.
هاوکات رۆژی چوارشەممە رێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان - CPJ، بە پشتبەستن بە هەواڵەکانی رۆژانەی نێوخۆی ئێران و ئەو راپۆرتانەی لەلایەن میدیا نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتەوە بڵاودەبنەوە، ناسنامەی 35 رۆژنامەڤانی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی 19 رۆژی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، لەوانەش نیلووفەر حامدی، پەیامنێری رۆژنامەی شەرق کە یەکەم جار چۆنێتیی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیی بڵاوکردەوە و یەڵدا موعەیری، فۆتۆگرافەر کە وێنەکانی کاتی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیی بڵاوکردەوە، کۆمیتەکە دەڵێت تاوەکو ئێستا ئازادنەکراون.
رۆژی چوارشەممە ناوەندی رۆژنامەڤانانی ئێرانیش لە راگەیێندراوێکدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی رۆژنامەڤانانی دەستبەسەرکراو بکات، داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کرد کە رۆژنامەڤانان ئازاد بکات.