وەزیری ناوخۆی ئێران: قۆناخی دوای هەڵبژاردن قۆناخی هاوکاری و هەوڵی جیدییە بۆ پێشخستنی وڵات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی ئێران سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیانی لە 14یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری وڵاتەکەدا راگەیاند و گوتیشی، "هەرچی بەر لە هەڵبژاردن لە ئارادا بوو، ئەمڕۆ دەبێتە هاوڕێیەتی و هاوکاری بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن."
 
ئەمڕۆ شەممە 06-07-2024، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران، دوای راگەیاندنی ئەنجامی گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازانی پشتڕاستکردەوە.
 
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران رۆژی هەینی 05-07-2024 بەڕێوەچوو.
 
ئەحمەد وەحیدی گوتی، "هەڵبژاردنەکە نموونەیی بوو. لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئامادەکاری بۆ کرا، بەڵام لە بواری پاراستنی ئاسایش و بێگەردیی پڕۆسەکەوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوو و بە رکابەرییەکی جیدییەوە بەڕێوەچوو."
 
وەزیری ناوخۆی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ''هەندێک کەس هەوڵیان دا هەڵبژادنەکە رووبەڕووی کێشە بکەنەوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن سەرجەم پلانەکانی پووچەڵ کردەوە و خەڵکی ئێمە جارێکی دیکە بینیان پڕۆسەکە بە تەندروستییەکی تەواوەوە بەڕێوەچوو.''
 
14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئیران لە دوو گەڕدا بەڕێوەچوو. لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە چوار بەربژێرەکان دەنگی پێویستییان بەدەستنەهێنا و هەڵبژاردنەکە لە نێوان مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازان و سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بەربژێری نەریتخوازان چووە گەڕی دووەم.
 
لە گەڕی دووەمدا زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوی ئێران بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکە کرد کە پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا و سەعید جەلیلیش 13 ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگی بردەوە.
 
ئەحمەد وەحیدی گوتی، "ئێستا لە قۆناخێکی نوێداین. بێگومان هەرچی بەر لە هەڵبژاردن لە ئارادا بوو، ئەمڕۆ دەبێتە هاوڕێیەتی، هاوکاری و هەوڵی جیدی بۆ پێشکەوتنی وڵات و گەیشتن بە سەرکەوتنەکان."
 
بەگوتەی وەحیدی، دەبێ ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پەسندبکرێت و دواتر قۆناخەکانی دیکەی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێ دەستپێدەکەن.
 
ژمارەی ئەو کەسانەی مافی بەشداریکردنیان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا هەبوو زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس بوو.