ئەنجامی کۆتایی؛ مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێرانە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14یەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێرانی خستەڕوو، زیاتر لە 30 ملیۆن و 500 هەزار کەس دەنگی داوە و بەپێی دەنگەکان، پزیشکیان بووە سەرۆککۆماری ئێران.
 
رۆژی هەینی، 05-07-2024، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە مافی دەنگدانیان هەبوو.
 
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، لە 30 ملیۆن و 573 هەزار و 931 دەنگ، پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێناوە و سەعید جەلیلیش بە 13 ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگ، رکابەرییەکەی دۆڕاند.
 
بەگوتەی موحسین ئیسلامی 49.8٪ـی ئەو کەسانەی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو، دەنگیان داوە کە بەراورد بە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، رێژەی بەشداریکردن نزیکەی 10٪ زیادی کردووە.
 
بەپێی دەستووری ئێران، هەر بەربژێرێکی سەرۆککۆماری ئەگەر لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا تەنانەت یەک دەنگیش زیاتر لە دەنگی رکابەرەکەی بێنێتەوە، راستەخۆ وەکو سەرۆککۆماری وڵاتەکە دیاری دەکرێت.
 
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا، سێ جار دەنگدان درێژ کرایەوە و تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو (بەکاتی تاران) بەردەوام بوو.
 
زیاتر لە 58 هەزار سندووقی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران داندرابوو کە نیکەی حەوت هەزار 500 سندووقی بەر پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوت؛ هەروەها 314 بنکەش بۆ وەرگرتنی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتەکە مافی دەنگدانیان هەبوو، لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان داندرابوون.
 
سەرجەم ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئێرانیان هەیە و تەمەنیان سەرووی 18 ساڵ بوو، واتا بەر لە 05-07-2006 لەدایک بوون، مافی دەنگدانیان بۆ گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران هەبوو.