ئه‌ميرعه‌بدوڵڵاهيان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی: گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرد


رووداو دیجیتاڵ

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند، باسی گرنگیی ئاسایشی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا کرا و جەخت لە "پێویستیی بەردەوامی و قووڵترکردنەوەی هاوکارییە هاوبەشەکان کرا. "
 
پاشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، 06-05-2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ تاران له‌گه‌ڵ حوسێن ئه‌ميرعه‌بدوڵڵاهيان، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران کۆبووەوە و په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێراندا تاوتوێ كرد.
 
حوسێن ئه‌ميرعه‌بدوڵڵاهيان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچيرڤان بارزانى پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ نیوەڕۆ لە وەزارەتی دەرەوە میوانداریی بەڕیز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراقم کردەوە."
 
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری، ئاوەدانکردنەوە، زانستی و کولتووری لە نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا."
 
ئه‌ميرعه‌بدوڵڵاهيان دەشڵێت: "ئاماژەم بە گرنگیی ئاسایشی ناوچەکە، بە تایبەت ئاسایشی وڵاتی دۆست و برا عێراق، لە روانگەی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و جەخت لە پێویستیی بەردەوامی و قووڵترکردنەوەی هاوکارییە هاوبەشەکان کرا."
 
پێشتر سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى و حوسێن ئه‌ميرعه‌بدوڵڵاهيان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بايه‌خ و گرنگيى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان بۆ هه‌ردوو وڵات كرده‌وه‌ و باسيان له‌ زه‌مينه‌ و ده‌رفه‌ته‌كانى زيادكردنى جووڵه‌ و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاكييه‌ ئابوورييه‌كان و كار و پڕۆژه‌كانى كه‌رتى تايبه‌تى ئێرانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد."
 
له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا: "تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى سياسى و گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و داكۆكييان له‌ پاراستنى سه‌قامگيرى كرده‌وه‌."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی یەکشەممە، 05-06-2024ەوە بە سەردانێکی فەرمی لە ئێرانە و ئەمڕۆ لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئاسايشى نيشتمانيى ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.