کاردانەوەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە میدیاکانی ئێراندا
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژنامە و ماڵپەڕە فەرمییەکانی ئێراندا، گرنگییەکی زۆر بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران دراوە و بە سەردانێکی گرنگ لە رووی سیاسی و ئابووری و پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران، باسی لێکراوە.
رۆژنامەی "هەفتی سوبح" لە راپۆرتێکدا باس لە ژیان و روانگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت؛ نێچیرڤان بارزانی ئەو سەرۆکە شیکپۆشەی هەرێمی کوردستانە، کە بەردەوام رێگەی گفتگۆی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بەپێی ئەو ریپۆرتەرەی رۆژنامەکە، نێچیرڤان بارزانی لە تەمەنی 9 ساڵیدا بەهۆی بۆمببارانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەعسەوە، چووەتە تاران و لە سەردەمی گەنجیێتیدا لە زانکۆی تاران زانستە سیاسییەکانی خوێندووە و بەردەوام وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردووەتەوە ئێران پاڵپشتێکی گەورەی هەرێمی کوردستانە، هەرێمی کوردستانیش رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربێنن.
رۆژنامەی "شەرق" بابەتێکی بە ناوی "سەفەرێک و چەند ئاماج" بڵاوکردووەتەوە و تاوتوێی ئامانجەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئێران. بابەتەکە وەکو راپۆرت دانراوە و ساڵح زولقەدر یەک لە شرۆڤەکارانی رۆژنامەکە، باس لەوە دەکات نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەت لەگەڵ یەکێتی، چووەتە تاران. دەشڵێت؛ جگە لەوە چەندین بابەتی گرنگی دیکە گفتگۆی لەسەر دەکرێت کە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، چالاکییەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و بابەتی وزە لە عێراق گرنگترینەکانیانن.
رۆژنامەی "ئارمانی میللی" مانشێتە سەرەکییەکەی تایبەت کردووە بە هاوکاتبوونی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رافایل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران و دەڵێت؛ لەم رۆژانەدا ئێران، بووەتە مەکۆی سەردانی کەسایەتییە ناسراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کاروباری دیپلۆماسی و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و دراوسێکانی.
رۆژنامەی "ئارمانی ئێمروز"ـیش یەک لە بابەتەکانی لاپەڕەی یەکەمی تایبەت کردووە بە وردەکاریی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و دەڵێت؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە تارانە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر چەندین مژاری گرنگ. لەوانە پەرەپێدان بە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوانیان و تاوتوێکردنی رووداوە گرنگەکانی ناوچەکە و جیهان.
رۆژنامەی "هەم میهەن"ـیش لە راپۆرتێکدا باس لە گرنگیی هەرێمی کوردستان وەکو هاوپەیمانێکی سیاسی و ئابووری بۆ ئێران دەکات و دەڵێت: ئێران ساڵانە 5.2 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، دەبێتە هۆی پتەوبوونەوەی پەیوەندییەکانی نیوان هەردوولا. بە تایبەت لەماوەی چەند مانگی رابردوودا کە هەندێک بابەتی وەک هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، پەیوەندییەکانی بەرەو ساردبوونەوە بردبوو.
ماڵپەڕی ئابووریی "ئێکۆئیران"ـیش باس لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دەکات و دەڵێت؛ نێچیرڤان بارزانی رۆژی دووشەممە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆدەبێتەوە و گفتگۆ لەسەر گرنگترین رووداوەکانی ناوچەکە و جیهان دەکەن و لە کۆبوونەوەکاندا، تاتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تارانیش دەکرێت. ئەو ماڵپەڕەش جەخت لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ ئابووریی ئێران دەکات و دەڵێت؛ هەردوو لایەن بەردەوام هەوڵدەدەن پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن و ئەم سەردانەش پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەوڵانەیە.
ئاژانسی هەواڵنێری "مەشرق" کە سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە، بە پشتبەستن بە هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی "رووداو" باسی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران کردووە و دەڵێت؛ دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەم سەردانە، گرنگییەکی زۆری هەیە لە رووی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.
ماڵپەڕی "تەسنیم"ـیش کە نزیکە لە سوپای پاسدارانی ئێران، بە گرنگییەوە باسی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران دەکات و دەڵێت؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی رووداوەکانی ناوچەکە دەکەن و هەوڵیش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران دەدرێت.