هیومان رایتس وۆچ داوا لە ئێران دەکات مامۆستا دەستگیرکراوەکان ئازادبکات

06-05-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە پێش و دوای خۆپێشاندانەکانی 1ـی ئایارەوە 40 مامۆستا لە ئێران دەستگیرکراون و داوای ئازادکردنیان دەکات. 
 
بە گوێرەی هیومان رایتس وۆچ، 38 لەو مامۆستایانە لە 1ـی ئایار و رۆژانی دواتر دەستگیرکراون. 
 
رێکخراوەکە دەشڵێت، "لانیکەم 17یان هێشتا دەستبەسەرن، لە نێویشیاندا محەممەد حەبیبی، گوتەبێژی کۆمەڵەی مامۆستایانی ئێران." 
 
هەروەها باس لەوە دەکات کە ئەو مامۆستایانە دوای ئەوە دەستگیرکراون کە ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی یەکێتیی رۆشنبیریی مامۆستایانی ئێران داوای ئەنجامدانی خۆپێشاندانی سەرتاسەرییان لە 1ـی ئایار کرد. 
 
تارا سپهری فەڕ، لێکۆڵینڤانی باڵا لە رێکخراوی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "بەرپرسانی ئێران جارێکی دیکە بڕیاریانداوە خەڵک لە بەرامبەر داواکردنی مافەکانیان بەند بکەن لە بری ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵە سەربەخۆکان کاربکەن بۆ رێزگرتن لە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانییەکان." 
 
ئەو خانمە لێکۆڵینڤانە دەشڵێت، "هەوڵدان بۆ نەهێشتنی گردبوونەوە و خۆپێشاندانە ئاشتییانەکان نابێتە هۆی نەمانی دۆخە ئابوورییە سەختەکەی ئێران."
 
لەم مانگانەی دواییدا، مامۆستایانی ئێران چەندین جار هاتوونەتە سەر شەقام، ناڕەزایی خۆیان دژی دۆخی ژیان دەربڕیوە. 
 
چەندین مانگە مامۆستایان داوا دەکەن حکومەت جێبەجێکردنی رێکارەکانی چاکسازی خێراتر بکات بۆ ئەوەی مووچەکانیان باشتر لەگەڵ ئەزموون و لێهاتووییان رەنگبداتەوە. 
 
مانگی نیسان، دادگەیەکی ئێرانی رەسوول بۆداقی، چالاکڤانی مامۆستایانی بە پێنج ساڵ بەندکردن بە تۆمەتی "خۆپێشاندانی نایاسایی" و "پڕوپاگەندە" سزادا.  
 
رێکخراوی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەی سەرەکی لە نەرویجە، ئەو کات گوتبووی بۆداقی لە ماوەی "چڕکردنەوەی گوشار لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران دەستگیرکراوە."
 
ئابووریی ئێران لە ژێر سزاکانی ئەمریکادا رووبەڕووی گوشار و پاشەکشەی گەورە بووەتەوە. رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە بۆ 40% بەرزبووەتەوە، ئەوەش ژیانی کارمەندانی کەرتی گشتیی و ئەوانی دیکەی کە مووچەی نەگۆڕیان هەیە، سەختتر کردووە. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، حکومەتی ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە، گوشاری لەسەر "مامۆستا چالاکڤانەکان" چڕکردووەتەوە. 
 
دەیان کەسیان بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتکراون و چەندی دیکەش دەستگیرکراون، بەشێکی دیکەشیان تۆمەتیان دراوەتە پاڵ، سزایان بۆ دەرکراوە یان بەندکراون. "دروستکردنی مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی" پاساوی سەرەکیی گرتنیان بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە