لە پێکدادانێکی چەکداریدا ئەفسەرێکی ئێران کوژرا و دووی دیکە بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێکدادانێکی چەکداریدا لەگەڵ قاچاخچیی مادە ‌هۆشبەرەکان لەسەر سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان، ئەفسەرێکی هێزی پاسەوانی سنووریی ئێران کوژرا و دوو ئەندامی دیکەی ئەو هێزەش بە سەختی بریندار بوون.
 
حوسێن دێهەکی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی پارێزگای خوراسانی باشوور لە رۆژهەڵاتی ئێران رایگەیاند، رووداوەکە شەوی سێشەممە کاژێر 20:30 بە کاتی ئێران (20:00 بە کاتی هەولێر) لە ناوچەی سنووریی چاهـ مەگوی سەر بە شاری نوبەندان روویداوە.
 
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ناوچەی سنووریی چاهـ مەگوی شاری نوبەندان، پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پاسەوانیی سنوور و قاچاخچیی مادە هۆشبەرەکان روویدا، بەهۆیەوە ئەندامێکی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور بەناوی عەلیڕەزا موئەزن، بە پلەی ملازمی یەکەم گیانی لەدەستدا."
 
لە پێکدادانەکدا، بە گوتەی حوسێن دێهەکی، ئەفسەرێکی دیکەی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور "بە پلەی نەقیب و سەربازێک بە سەختی بریندار بوون."
 
بەهۆی ئەوەی ئێران سنوورێکی دوور و درێژی لەگەڵ ئەفغانستان هەیە، ساڵانە بڕێكی زۆری مادە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستانەوە بە قاچاخی دەگوازرێتەوە ئێران و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکە بە قاچاخ دەبرێن.
 
ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی پۆلیسی ئێران رایگەیاندووە، لە ساڵی رابردوودا دەستیان بەسەر زیاتر لە 600 تۆن مادەی هۆشبەردا گرتووە.