سەرۆککۆماری ئێران: ژەهراویبوونی قوتابییان پیلانی دووژمنە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران "ژەهراویکردن"ی قوتابییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە "پیلانی نوێی دووژمنان" لە قەڵەم دەدات، کە بە گوتەی ئەو ئامانج ئەوە بووە "لە کۆمەڵگەدا نائارامی دروست بکرێت، بیروڕای گشتی بشێوێندرێت و منداڵان بترسێنن."
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی یەکشەممە 05-03-2023 داوای کرد بەدواداچوونێک بۆ پرسی "ژەهراویکردنی قوتابییەکان" بکرێت و ئەنجامەکانی رابگەیێندرێت.
 
رۆژی یەکشەممەش لە ژمارەیەکی زۆری شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە سەتان قوتابی "ژەهراوی کران". بەپێی راپۆرتی تەلەڤیزیۆنی ئێران، تەنیا لە پارێزگای کرماشان، 90 قوتابی "ژەهراوی کراون."
 
ئیبراهیم شەکیبا، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، لە رووداوەکانی رۆژانی رابردوودا "هیچ قوتابییەک کێشەی تەندروستیی بۆ دروست نەبووە و دۆخی هەموو قوتابییەکان باشە."
 
"ژەهراویکردنی قوتابییان" سێ مانگ لەمەوبەر لە شاری قومەوە دەستیپێکرد، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا زۆربەی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.
 
"ژەهراویکردنی قوتابییەکان" ناڕەزایەتی کەسوکاری ئەوانی بەدواوە بووە و رۆژی شەممە، بە تایبەت لە شاری تاران، خەڵک لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەدا گردبوونەوە.
 
شەهریار حەیدەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، دەڵێت "زۆربەی قوتابییەکان دەترسن  و نیگەرانن کە ئەگەر بچنەوە قوتابخانە، کێشەیان بۆ دروست ببێت."
 
سووتانەوەی لووت و گەروو، هەناسەتەنگی، رشانەوە، سەرئێشە، تا، لێدانی خێرای دڵ، سنگئێشە، ژانەسەر و دابەزینی ئۆکسجینی خوێن نیشانەکانی ژەهراویبوونەکەن.