فەرماندەیەکی پۆلیس لە شاری شیرازی ئێران کوژرا

06-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی پارێزگای فارسی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ لە شاری شیراز ئۆتۆمبێلێک "بە ئەنقەست" خۆی کێشاوە بە کوروش بازیار، فەرماندەی یەکەی فریاگوزاری پۆلیسی شارەکەدا و بە هۆیەوە ئەو بەرپرسەی پۆلیس بەسەختی بریندار بووە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
 
ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای فارس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رووداوەکە کاژێر 4:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە روویداوە و لە کاتێکدا بووە، کە ئەو ئەفسەرەی پۆلیس لە ئەرکی ئاسایی خۆیدا بووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە چوارچێوەی پرۆژەی رووبەڕووبوونەوەی تێکدەرانی ئەمن و ئاسایش و قاچاخچییەکان، کاژێر 4:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکینەکانی گەڕانی پۆلیس بە سەرپەرشتی عەمید "کۆروش بازیار"، فەرماندەی یەکەی فریاگوزاری شیراز، گومان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پیکاب دەکەن، بۆیە هەوڵی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکە دەدەن، بەڵام شۆفێرەکە گوێ بە هۆشدارییەکە نادات و هەڵدێت."
 
پۆلیسی پارێزگای فارس دەڵێت، دوای راوەدوونانی ئەو کەسە بۆ ماوەیەک، هێزەکانی پۆلیس بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و بەکارهێنانی چەک، تەقەیان لە تایەی ئۆتۆمبێلەکە کردووە و توانیویانە ئۆتۆمبێلەکە رابگرن، بەڵام لە کاتێکدا فەرماندەی یەکەی فریاگوزاری شیراز خەریکی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و پشکنین بووە، ئۆتۆمبێلێکی دیکە بە ئەنقەست بە خێراییەکی زۆرەوە خۆی پێداکێشاوە وە و بە هۆیەوە بە سەختی بریندار بووە.
 
دەشڵێت، عەمید بازیار، لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری شیراز کرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە