رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، ناهاوسەنگیی زۆر لە کەرتی وزەی وڵاتەکەیدا هەیە و بەم زووانە ناتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گازی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا نییە و پێشبینی دەکەن؛ کورتهێنانی کارەبا بۆ 25 هەزار مێگاوات بەرزبێتەوە.
عەباس عەلیئابادی، وەزیری وزەی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی وزەی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، گازی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی لە وێستگەکانی کارەبا بەکاریبهێنن، وەزارەتی نەوتیش ناتوانێت زستانی ئەم ساڵ ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.
عەلیئابادی گوتی "ناهاوسەنگیی وزە هەیە. راستییەکە ئەوەیە لە زستان دا گازی پێویستمان نییە. وەزارەتی نەوتیش ناتوانێت لە دوو مانگدا قەرەبووی کەمیی گازەکە بکاتەوە. ئەستەمە."
عەلیئابادی باسی کورتهێنانی کارەباش دەکات و دەڵێت، لە هاویندا 20 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبایان هەبوو و پێشبێنی دەکەن هاوینی داهاتوو، کورتهێنانەکە بگاتە 25 هەزار مێگاوات.
وەزیری وزەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، کورتهێنانی گەورەی کارەبا لە رێگەیە و بۆ ئەوەش داوای هاوکاری لە پەرلەمان دەکات، دەڵێت: "هەروەک چۆن تاوەکو ئێستا پەرلەمان هاوکاری کردووین، داوا دەکەم بەردەوام بێت لە سەر هاوکارییەکانی بۆ ئەوەی سەرنج بخەینە سەر ئەو کێشەیەی هاوین روودەدات. نیگەرانیی گەورەمان بۆ ئەو کاتەیە."
ئێران لە هاوینی ساڵی 2024ـەوە تووشی کێشەی کورتهێنانی گاز و کارەبا بووە و حکومەت ناچار بووە رۆژانە چەندین کاژێر کارەبا لە سەر ماڵان و کارگەکان ببڕێت. هەروەها بۆ دابینکردنی گازی پێویست بۆ ماڵان لە وەرزی سەرما، حکومەت گازی لەسەر چەندین وێستگەی کارەبا و چەندین کارگەی گەورە بڕیوە.
ژووری بازرگانیی ئێران، زیانەکانی بڕینی گاز و کارەبا بە 250 تریلیۆن تمەن دەخەمڵێنێت.
بەشێکی بەرپرسانی ئێران، هۆکاری سەرەکیی کەمیی گاز و کارەبا بۆ بەکارهێنانی زیادی گاز و کارەبا لە لایەن خەڵک و فەرمانگەکانی ئەو وڵاتەوە دەگەڕێننەوە، بۆیە بەردەوام داوای هاوکاری لە خەڵک دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەش دان بەوەدا دەنێن لەم ساڵانەی دواییدا حکومەت وەبەرهێنانی پێویستی لە کەرتی وزەدا نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ