ساڵانە لە ئێران یەک ملیۆن کەس لەسەر دزیکردن دەستگیر دەکرێن

06-01-2022
رووداو @Rudawkurdish
وێنەی بەشێک لەو دزانەی لە ئێران دەستگیرکراون
وێنەی بەشێک لەو دزانەی لە ئێران دەستگیرکراون
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رووداوەکانی دزیکردن لە ئێران بەردەوام روو لە هەڵکشانە و ساڵانە یەک ملیۆن کەس بەو تۆمەتە دەستگیر دەکرێن، دزیکەرەکان شێوازی نوێی دزیکردن بەکاردەهێنن، سەرە مەنهۆڵ، ئاسنی پارێزەری سەر رێگەکان، ئامێری تایبەت بە تەلەفۆن، دزینی مۆبایل و ماڵبڕین ئەنجام دەدەن.
 
بەرپرسانی دادوەریی ئێران رایدەگەیێنن، دزی پلەی یەکەمی ئەنجامدانی تاوانی لە ئێراندا هەیە و ساڵانە یەک ملیۆن کەس بەو هۆیەوە دەستبەسەر دەکرێن. بەشێک لە دزییەکان بە رۆژی رووناک دەکرێن و ترسێکیش لە ئەنجامەکانی نییە. پۆلیسی لوڕستان رایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی 45 رۆژدا 1200 کەسیان بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکردووە. فەرماندەی پۆلیسی تارانیش رایگەیاندووە، دزیکردن بنبڕ ناکرێت تاوەکو دۆخی دارایی خەڵک باشتر نەکرێت.
 
یەحیا ئەڵاهی، فەرماندەی پۆلیسی لوڕستان رایگەیاندووە، "بەگشتی لەو ماوەیەدا کە خەڵک داوایان لە پۆلیس کردووە بەرەنگاری دزەکان ببێتەوە، ئێمە لە ماوەی تەنیا 45 رۆژدا 1200 دزمان گرتووە و بەردەوامیش لە زیادبووندایە".
 
هاوکات لەگەڵ خراپتربوونی رەوشی ئابووری، دزیکردنیش زیاتر بووە. بەپێی توێژینەوەیەک کە هاوینی رابردوو زانکۆی زانستیی ئینتزامی بڵاویکردەوە، هەڵاوسان، بێکاری و ریژەی گەشەی ئابووری پەیوەندیی راستەوخۆیان بە دیاردەی دزییەوە هەیە.
 
یەحیا ئەڵڵاهی باس لەوە دەکات، لەم دواییانەدا گرووپێکی چەند کەسییان دەستگیرکردووە کە لە رێگەی چەک و ترساندن 32 جار دزییان لە خەڵک کردووە. خۆشیان دانیان بەوەدا ناوە کە چەکیان پێبووە، بۆئەوەی ئەگەر لە جێگەیەک خاوەن ماڵ ویستی بەرگری بکات، کەڵک لە چەکەکەیان وەربگرن و بیدزن.
 
هەرچەندە پۆلیسی لوڕستان ئەوە وەکو سەرکەوتن دەبینێت، بەڵام پێشتر فەرماندەی پۆلیسی تاران گوتبووی، دیاردەی دزی بە دەستبەسەرکردنی دزەکان و تەنانەت نیشاندانیان لە راگەیاندنەکانەوە بنبڕ ناکرێت. تاوەکو کاتێک کە رەوشی ئابووری و دۆخی دارایی خەڵک باشتر نەکرێت، ئەو جۆرە هەوڵانە تەنیا ژانبڕێکی کاتییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە