لە ئێران هۆشداری دەدرێت نرخی دەرمان 15 هێندە بەرز ببێتەوە

06-12-2024
سینا سۆما
لە ئێران جگە لە گرانی دەرمان، بەشێکیشیان دەستناکەون.
لە ئێران جگە لە گرانی دەرمان، بەشێکیشیان دەستناکەون.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی ئێران هۆشداری لە کەمیی بەشە بودجەی کەرتەکەیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو دەدەن. دەشڵێن، ئەگەری هەیە نرخی دەرمان بۆ 15 هێندەی ئێستا بەرزبێتەوە.
 
عەلیڕەزا حەیدەری، سەرۆکی ئەنجوومەنی دابینکردنی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکانی ئێران دەڵێت، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دۆلار بە نرخی 4،200 تمەن بۆ دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان تەرخان نەکراوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت نرخی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان لەنێوان 10 تاوەکو 15 هێندە بەرزببێتەوە.
 
لە ئێران جگە لەوەی نرخی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان وەکو هەموو کەلوپەلەکانی دیکە بەرزبووەتەوە، دەرمانی بەشێک لە نەخۆشییە سەختەکانی وەکو شێرپەنجە و تالاسیمیاش لە دەرمانخانەکان دەست ناکەون. 
 
سەلام ئیسحاق، گوتەبێژی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، 380 جۆر دەرمان لەو وڵاتە یان دەستناکەون یان بە سەختی دەستدەکەون.
 
هاووڵاتییانی وڵاتەکە هەوڵ دەدەن بەشێک لە دەرمانەکانیان لە تورکیا، ئیمارات، عێراق و پاکستان دابین بکەن.
 
عەلیڕەزا تاجگەردون، پەرلەمانتاری ئێران لەوبارەیەوە دەڵێت، "لە بودجەی ساڵی داهاتوو هێندەی ئەم ساڵ پارەی پێویست بۆ دەرمان تەرخان کراوە. پارەکە نزیکەی سێ تاوەکو 3.5 ملیار یۆرۆیە و بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەدرێتە وەزارەتی تەندروستی. نرخی دۆلاری تایبەت لە 28 هەزار تمەنەوە بۆ 38 هەزار تمەن بەرز دەکرێتەوە، بەڵام ئەمە هەنگاو بە هەنگاو و بە پلان دەبێت. "
 
ئێران لە ساڵی 2023 دا بایی دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلار دەرمانی هاوردە کردووە. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، بەشێکی پێداویستی ئەو وڵاتە و 40٪ـی کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان، لە رێگەی هاوردەوە دابین دەکرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە