کۆمەڵەی تۆڕە گەشتیارەکانی ئێران: گەشتیاری بیانی بەخۆڕاییش سەردانی ئێران ناکات

05-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی تۆڕە گەشتیارەکانی ئێران رایگەیاند، دەمێکە هیچ گەشتیارێکی بیانی سەردانی ئێران ناکات، تەنانەت ئەگەر سەردانەکەی بێ بەرامبەریش بێت.
 
ئیبراهیم پوورفەرەج، سەرۆکی کۆمەڵەی تۆڕە گەشتیارەکانی ئێران بە میدیای ناوخۆی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، بێجگە لە گەشتیارانی مەشهەد، کە لە وڵاتانی وەکو عێراقەوە دێن، چیدی هیچ گەشتیارێک سەردانی ئێران ناکات.
 
بە گوتەی ئیبراهیم پوورفەرەج، دەمێکە هیچ گەشتیارێکی بیانی سەردانی ئێران ناکات، تەنانەت ئەگەر سەردانەکەی بێ بەرامبەریش بێت، "ئەمەش بووەتە هۆی داتەپینی کەرتی گەشتیاری و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لەو کەرتەدا."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی تۆڕە گەشتیارەکانی ئێران دەڵێت، "کێشەی سەرەکیی کەرتی گەشتیاریی ئێمە ئەوەیە، دەمێکە ئەوروپییەکان سەردانی ئێران ناکەن و گەشتیارانمان تەنیا ئەو کەسانەن کە سەردانی مەزارگە ئایینیەکان دەکەن."
 
ئاماژەشی بەوە کرد، جاران لە دوو وەرزی بەهار و پاییزدا ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری بیانی سەردانی ئێرانیان دەکرد، "بەڵام بەداخەوە ئەم ساڵ لە هەردوو وەرزیش گەشتیارمان نەبوو و هیچ بەرپرسێکیش نییە کە لەو بارودۆخە و کێشەکە بکۆڵێتەوە."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە عەلی ئەسغەر شالبافیان، جێگری وەزیری میراتی کولتووری و گەشتیاریی ئێران لە 30-09-2023 رایگەیاندبوو، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 3 ملیۆن و 352 هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی ئێرانیان کردووە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 38% زیادی کردووە.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی تۆڕە گەشتیارەکانی ئێران هەروەها رایگەیاندووە، "بەمزووانە دۆخی کەرتی گەشتیاریی ئێران باش نابێت و گەشەکردن روونادات. من خاوەنی گەورەترین کۆمپانیام، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری ستافەکەم کەمکردووەتەوە و ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، دەبێت کارمەندی زیاتر کەم بکەمەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە