گومرگی کرماشان: هەناردەی دەروازەی سنووریی خوسرەوی زیاتر لە 534 ملیۆن دۆلار بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی کرماشان رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 534 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە هەناردەی عێراق کراوە.
 
رۆژی دووشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2023 عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان رایگەیاند، لە نەورۆزی ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، 795 هەزار و 952 تۆن کەلوپەل کە بایی 353 ملیۆن و 270 هەزار و 294 دۆلار بووە، لە رێگەی گومرگ و دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە هەناردەی عێراق کراوە.
 
بە گوتەی عەلی ئەسغەر عەباسزادە، هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە لەڕووی کێشەوە 50% و لەڕووی نرخەوە 67% زیادی کردووە.
 
ئاماژەشی بەوە کرد، زیاترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کراون بریتین لە: چیمەنتۆ، بەرد، ئاسن، کاشی، مەڕمەڕ، بەرهەمە پلاستیکییەکان، سەوزە و میوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان هەروەها دەڵێت، لەو ماوەیەدا 437 هەزار و 544 تۆن کەلوپەل بە بەهای 180 ملیۆن و 874 هەزار و 347 دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە هەناردەی عێراق کراوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشوو لەڕووی کێشەوە 49% و لەڕووی نرخەوە 46% زیادی کردووە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتیشی، کۆی گشتیی ئەو کەلوپەلانەی لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا لە دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە هەناردە کراون، یەک ملیۆن و 233 هەزار و 496 تۆن بووە، کە بەهاکەیان 534 ملیۆن و 144 هەزار و 641 دۆلار بووە.
 
رۆژی چوارشەممە 29-11-2023 بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان رایگەیاندبوو، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا، چوار ملیۆن و 878 هەزار و 24 تۆن کەلوپەل، کە بایی یەک ملیار و 975 ملیۆن و 903 هەزار دۆلار بووە لە گومرک و دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە هەناردە کراوە.
 
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
 
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووری خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.