دیدی ئێران بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی ئیسلامی

رووداو – تاران

رۆژی شەممە 5-12-2015، حەسەن رۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران لەگەڵ ژمارەیەك لە باڵیۆزە نوێیەكانی وڵاتەكەی لە تارانی پایتەخت كۆبووەوە و چەند پرسێكی ناوچەكە و جیهانی لەگەڵ تاوتوێكردن.

رۆحانی رایگەیاند " تاران دەیەوێت ببێتە سەرچاوەی ئارامی و ئاسایش و گەشەپێدانی وڵاتانی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەگەڵ ئەوەشدا كار بۆ یەكگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی دەكات".

لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی، سەرۆككۆماری ئێران جەختیكردەوە لە قۆستنەوەی ئەو هەلەی لەبەردەستە بۆ بەردەوامیدان بە ریككەوتنەكە. راشیگەیاند "جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی دواتری ئەو  رێككەوتنە خاڵێكی گرنگە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی سیاسی، ئابووریی و كولتووری ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا".

رۆژی 14-7- 2015، ئێران و وڵاتانی گرووپی پێنج كۆ یەك (ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، رووسیا و چین لەگەڵ ئەڵمانیا) لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا لەبارەی پرسی 12 ساڵە ئەتۆمی ئێران گەیشتنە رێككەوتن.

بەپێی رێككەوتنەكە، پێویستە ئێران گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی سنووردار بكات، لەبەرامبەریشدا وڵاتانی رۆژئاوا گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر تاران لادەبەن، كە پێشبینی دەكرێت سەرەتای 2016 زۆرینەی گەمارۆكان لاببرێن، ئەگەر ئێران بە رێككەوتنەكە پابەندبێت.