لە ئەمریکا هاووڵاتییەکی ئێرانی-ئەمریکی بە تۆمەتی ناردنی پارچەی درۆن بۆ ئێران دەستگیر دەکرێت

05-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاووڵاتییەکی ئێرانی، کە هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکییە لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی دەستگیر کرا، بەتۆمەتی ئەوەی پێداویستی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئەمریکاوە بە نایاسایی و بە قاچاخ رەوانەی ئێران کردووە.
 
ئەو کەسە ناوی غوڵام رەزا گودەرزییە و تەمەنی 76 ساڵە، رۆژی (چوارشەممە، 4-9-2024) لە شاری پۆرتەر لە ویلایەتی تێکساس لەلایەن پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکاوە دەستگیرکرا.
 
ئەلمەدار حەمدانی، داواکاری گشتیی شاری پۆرتەر لەبارەی دەستگیرکردنی غوڵامەوە، رایگەیاند "بەقاچاخبردنی کەلوپەلی دروستکردنی درۆن، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا  دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا توانای سەربازیی ئێران پێشدەخات، بەمەش مەترسی زیاتر بۆ سەر بەرژەوەندییەکان و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست دەکات." 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، غولام لە کاتی گەشتکردندا لە رۆژی 30ـی ئابی رابردوو، لە فڕۆکەخانەی جۆرج بوش لە شاری هیوستن ـی ویلایەتی تێکساس، دەستگیرکراوە. 
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگە، گودەرزی لە 1ـی کانوونی یەکەمی 2020 تاوەکو 5ـی تەممووزی ئەمساڵ، سەرقاڵی رەوانەکردن و بەقاچاخبردنی پارچەی درۆن بووە بۆ نێو ئێران. 
 
هەروەها میدیای ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، غوڵام پارچەکانی لە چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی کڕیوە، دواتر رەوانەی دوبەی کردووە و لەوێشەوە بۆ ئێران.
 
غوڵام بەردەوام و ساڵانە چەندین جار سەردانی ئێرانی کردووە و بەردەوامیش لەنێو جانتای گەشتەکانی، کەلوپەل و پێداویستی دروستکردنی درۆنی تێدا بووە، دواجاریش لە فڕۆکەخانە، کەلوپەلی دروستکردنی درۆنی لە جانتاکەیدا پێگیراوە و دەستبەجێ دەستگیرکراوە. 
 
لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە، رۆبێرت وێڵس، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ئاسایشی نیشتمانی لە نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (FBI)، دەڵێت "بەقاچاخبردنی تەکنەلۆژیای هەستیاری ئەمریکی بۆ وڵاتێکی دیکە، ئاسایشی نیشتمانیی وڵات دەخاتە مەترسییەوە. ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک رێگە بەو جۆرە کارانە نادات بەوەی کەلوپەلی پێشکەوتووی وڵاتەکەمان، بە قاچاخ رەوانەی نەیارەکانمان بکرێت." 
 
لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکان بەسەر غوڵام رەزا گودەرزی، رەنگە بۆ ماوەی 10 ساڵ و پێبژاردنی نزیکەی 250 هەزار دۆلار سزا بدرێت. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە