ئێران بەرپرسێكی یەکێتیی ئەوروپا "بۆ ماوەی 500 رۆژ" زیندانی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەکی میدیایی ئەمریکا دەڵێت، ئێران بەرپرسێكی یەکێتیی ئەوروپای زیندانی کردووە و تۆمەتی "سیخوڕی" داوەتە پاڵ. دەستگیرکراوەکە بە رەچەڵەک سوێدییە و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، "نامەمان داوەتە حکومەتی ئێران بۆ ئەوەی ئازادبکرێت".
 
ئەوە سەرچاوەیە لە رۆژی دووشەممە، 4-9-2023 بڵاویکردووەتەوە: "یۆهانس فلۆدێرەس" هاووڵاتیی سوێد کە کارمەندێکی یەکێتیی ئەوروپایە، زیاتر لە 500 رۆژە لە ئێران زیندانیکراوە و هیچ زانیارییەک لە بارەی تەندرووستییەوە نییە".
 
فلۆدێرەس بەرپرسە لە ئاژانسی 'خزمەتگوزاری کارە دەرەکییەکانی ئەوروپا'ی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا، لە مانگی نیسانی ساڵی 2022 لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی تاران کاتێک ویستوویەتی بۆ سوێد بگەڕێتەوە دەستگیرکراوە، لەو کاتەوە ئەو لە زیندانی ئەڤینە و هیچ زانیارییەک لەبارەی تەندروستی نییە.
حکومەتی سوێد و یەکێتیی ئەوروپا هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بەو بەرپرسە بڵاونەکردووەتەوە، هاوکات، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆنفڕانسێكی رۆژنامەڤانیدا رەتیکردەوە وەڵامی پرسیارێك لەو بارەیەوە بداتەوە و کاتێک کە رۆژنامەڤانەکە پێداگری کرد، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە لێی تووڕە بوو.
 
دواتر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، تۆبیاس بیلسترووم، وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند، "حکومەتی وڵاتەکەی بە چڕی کاری کردووە و کاریش دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیە، ئەو هاووڵاتییە سوێدییە بە شێوەیەکی ستەمکارانە دەستگیرکراوە و لە ئازادییەکانی بێبەش بووە و دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێت."
 
گوتیشی، "لەو بارەیەوە نامەمان داوەتە ئێران و کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین، لەوە زیاتر ناتوانم زانیاری بدەم".